لە هەرێمی کوردستان ٢٥٥ هەزار کیلکۆمەتری چوارگۆشەی پیسبوو بە مین ماوەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان دەڵێت: دەتوانین بڵێین سەرووی سەدا ٦٥ی ئەو مینانە لە هەرێمی کوردستان چێندراون دەرهێنراون و پێشبینی دەکەین، دوو ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستان بە کۆی کێڵگەمینییەکانەوە مابێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: لە هەموو دونیا دوو جۆر مین هەیە، یەکەمیان دژەکەسی و دووەمیان دژەتانکە، ئەو جۆرەی لە هەرێمی کوردستان چێنراون، سەدا ٩٥ی جۆری دژەکەسییە هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ئەو مینانە دژبە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دانراوەتەوە و هێزی پێشمەرگەش تانکی نەبووە تا جۆری دژەتانکی بۆ دابنرێتەوە.

جەبار مستەفا گوتیشی: "ئەوەی کە تا ئێستا پاککراوەتەوە دەتوانین بڵێین سەرووی سەدا ٦٥ی ئەو مینانە دەرهێنراون و پێشبینی دەکەین، دوو ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستان بە کۆی کێڵگەمینییەکانەوە مابێت".

لەبارەی ئەو رووبەرەی کە بە چێندراوی مین پیسبووە و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە، جەبار مستەفا گوتی: "ئاماری سەرەکی بە شەڕگە و کێڵگەی مین، ٧٧٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢ و دروستبوونی حکوومەتی هەرێم، کارکردنی رێکخراوەکان و بە هەوڵ تێکۆشانی حکوومەت لە چوارچێوەی کارەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، توانراوە رێژەیەکی زۆر باش پاک بکرێتەوە و ئێستا ٢٥٥ هەزار کیلکۆمەتری چوارگۆشەی پیسبوو بە مین ماوەتەوە".

جەبار مستەفا سەبارەت بە ژمارەی ئەو کارمەندانەی کە بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی و کەمئەندام بوون و ژمارەی ئێستای کارمەند و تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە هەرێمی کوردستان، گوتی: "لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئیستا ٣٦ کارمەندمان لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەست داوە و ١٤ کارمەندیش لە ئەنجامی هاتوچۆ بۆسەر گێڵگەکانی مین بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە، هەروەها لەئێستادا نزیکەی ٦٠٠ کارمەندی ئێمە تیمی راستەوخۆن کە تایبەتن بە هەڵگرتنەوەی مین بە شێوەی دەستی و بەشێوەی میکانیکی".

جەبار مستەفا گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە تا ئێستا، ١٣ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی لە ئەنجامی تەقینەوەی مین، شەهید و کەمئەندام بوون".

سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان، ئامارەکانی یەک ساڵی رابردوویشی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی رابردوودا، رووبەری ٦٠١ ھەزار و ١٥١ مەتری چوارگۆشە لە مین پاککراونەتەوە، هاوکات ٤٢ ھاووڵاتیش بەھۆی مین و تەقەمەنییەوە بوونەتە قوربانی.

جەبار مستەفا ئاشکرایشی کرد کە لە یەک ساڵی رابردوودا، هەزار و ٨٩٤ مین لەنێوبراون کە لەو ژمارەیەش هەزار و ٨١٤ مینی دژەکەسی و ٨٠ مینش دژەتانک بووکەس بوون کە ١٩ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و ٢٣ کەسیشیان کەمئەندام و برینداربوون، ئەو رێژەیەش لە چاو ساڵی ٢٠٢٠ سەدا سەد زیادی کردووە.

News Code 4764

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha