بەبۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرانی پەرلەمانی عێراق، مەسعوود بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوو جێگرەکەی هەنگاوێکی گرنگی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە،:"هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوو جێگرەکەی هەنگاوێکی گرنگی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بوو و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزان محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا دەکەم.

بارزانی لە درێژەدا دەڵێت: پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگدەران و هاوڵاتیان دەکەم. ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی زۆر باشە بۆ ڕاستەڕێ کردنی پڕۆسەی سیاسی و بنەمایێکیشە بۆ دامەزراندنی داهاتوویەکی گەش و سەقامگیر و پتەوتر کردنی دیموکراسی و شەراکەت لە عێراقدا."

لە پەیامەکەی سەرۆکی پارتیدا ئەوەش هاتووە: "لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو دۆست و لایەنە سیاسییانە دەکەم کە پابەندی بەڵێنی خۆیان بوون و بوونە هۆکاری سەرکەوتنی پڕۆسەکە. بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێک دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازە و تێپەڕاندنی تەحەددیات و لێکتێنەگەییشتنەکان. دەروازەیەکیش دەبێت بۆ دروستبوونی متمانەی نێوان پێکهاتەکان و ڕەگداکوتانی دەوڵەتی موئەسەسات".

News Code 4666

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha