بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ مەکتەبى سیاسیی یەکێتى لەشاری کەرکووک بە سەرپەرشتى بافڵ تاڵەبانى کۆبۆوە و لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەشدا هاتووە: "پێویستە حکوومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات و پێشینەی حکوومەتێکی خزمەتگوزار و دەربەست لە ئاست داخوازییەکانی گەلی عێراق بکاتە کارنامەی بەپەلەی خۆی".
مەکتەبى سیاسى یەکێتى راشیگەیاندووە، کۆبوونەوە ھەروەھا پێداگری کرد لەسەر پێویستی یەکخستنی بەکردەوە و کارای ھەڵوێستی کوردستانی لەبەرامبەر پێشھاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی پرۆژەی کوردستانی ئەرکەکانی لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەکانی حکوومەتی تازە جێبەجێ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە ھاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێکەوەیی لە بەغدا یەکلایی بکەنەوە.
دەقی راگەیەنراوەکە:
راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری کەرکوک.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە سەرەتای ساڵی نوێی ٢٠٢٢ لە قودسی کوردستان، کەرکوک کرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە کە ئەمرۆ ٣-١-٢٠٢٢ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە کەرکوک بەرێوەچوو، بە ساتێك رێزلێنان لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان و عێراق دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
تەوەرەی سەرەکی باسەکان رەوشی سیاسیی کوردستان و عێراق بوو لە دەروازەی ساڵی نوێ و ھەڵوێستی یەکێتیی دەربارەی ئیستحقاقی کورد لە بەغدا و پێکھاتنی حکومەتێکی نوێی وڵات لەبەر رۆشنایی دەرەنجامی دوا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە ئێستا گۆڕینەوەی بیروڕا و گفتوگۆی چڕ لە نێوان ھێزە سیاسییەکان بۆ ئەم مەبەستە دەستیپێکردووە.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لەم بارەیەوە جەختیکردەوە لە سیاسەتی نەگۆری یەکێتی، کە پێویستە حکومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات و پێشینەی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دەربەست لە ئاست داخوازییەکانی گەلی عێراق بکاتە کارنامەی بەپەلەی خۆی. چونکە تەنھا بە حکومەتێکی لەو شێوەیە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەرکە نیشتمانییەکانی بەرەنگاری تیرۆر و تایفەگەری و ڕاستکردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی کە پێویستی بە ھەماھەنگی کارا ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
بۆ ئەم مەبەستەش مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەی لە کەرکوک بە ئاماژە و پەیامێکی کوردستانی و عێراقی لە قەڵەمدا کە مەبەست لێی بایەخدانە بە ژیان و ئارامی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە کە لە جیاتی ھەموو کوردستان و عێراق قوربانییەکی زۆریان داوە لە شەڕی دژی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان و پێویستە بە نەخشەرێی سیاسی و دەستووری کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
کۆبوونەوە ھەروەھا پێداگری کرد لەسەر پێویستی یەکخستنی بەکردەوە و کارای ھەڵوێستی کوردستانی لەبەرامبەر پێشھاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی پرۆژەی کوردستانی ئەرکەکانی لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەکانی حکومەتی تازە جێبەجێ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە ھاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێکەوەیی لەبەغدا یەکلایی بکەنەوە.
بەشێکی تری تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تەرخانی کاروباری ناوخۆی یەکێتی و چاکسازی و گەشەپێدان و ھەڵوێستی حزبی کرا. جەخت کرایەوە کە پرۆسەی رێکخستنەوەی پەیکەری یەکێتی لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بەردەوامە و ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوا بۆ پتەوکردن و پوختەکردنی ریزەکانی یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال و کۆششکردن بۆ گەنجکردنەوەی حزب لەرێی نوێکردنەوەی بەشداری چۆنایەتی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و رێکخراوەکانی یەکێتیدا.
Your Comment