ئێستا ژمارەی کریستیانەکانی لە عێراقدا لە 500 هەزار کەمترە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی مەترانەکانی کەرکووک و سلێمانی کریستیانەکان رایدەگەیەنێت دەوترێت پێش ساڵی 2003، ملیۆن و نیوێک کریستیان لە عێراقدا هەبووە، ئێستا ژمارەکە کەمترە لە 500 هەزار.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر یوسف تۆما سەرۆکی مەترانەکانی کەرکووک و سلێمانی کریستیانەکان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه‌: "سەبارەت بەژمارەی کریستیانەکان، نە لە کەرکووک و نە لە عێراق، ئامارێکی وردمان لەبەردەستدا نیە، دەوترێت پێش ساڵی 2003، ملیۆن و نیوێک کریستیان لە عێراقدا هەبووە، ئێستا ژمارەکە کەمترە لە 500 هەزار، بەشێکی زۆریان کۆچیان کردووە و وڵاتیان جێهێشتووە، کاتێک لە وڵات رۆیشتون ئاگاداریان نەکردووینەتەوە، بۆیە هیچ ئامارێکی وردمان لانیە".

سەبارەت بە دۆخی کریستیانەکانی کەرکووک، دکتۆر یوسف تۆما دەڵێت: "دۆخی کریستیانەکان وەک دۆخی ئەوانیتر وایە، کارەبا ببڕێت لە کریستیان و غەیرە کریستیان دەبڕێت، باران ببارێت بۆ مەسیحی و غەیرە مەسیحی دەبارێت".

سەرۆکی مەترانەکانی کەرکووک و سلێمانی کریستیانەکان کە لە کڵێساکەی کەرکووک رونیکردەوە، ئەو سەردەمە تێپەڕی حوکمڕان دژایەتی ئاین بکات، گۆڕانکاری گەورە رویداوە، ئەم گۆڕانکاریانە وایکردوە ئایین خەم نەبێت، خەم بوەتە بژێوی، بوەتە دامەزراندن، گەنج زانکۆ تەواو دەکات لەکوێ دابمەزرێ، خەم بووەتە کۆچ، وتی، "دوای داعش شەپۆلێکی گەورەی خێزان و خوێندکار هاتن بۆ لامان بۆ کەرکووک، شاری کەرکووک پێشوازی لەژمارەیەکی زۆر ئاوارە کرد، زیاتر لە سێ لەسەر چواری ملیۆنێک ئاوارە لەکەرکووک لە ماوەی چوار ساڵدا نیشتەجێبون، تائەوکاتەی گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان، کەرکووک شارێکی میواندۆستە".

ناوبراو جەختی کردەوە، "هەوڵمانداوە پێداویستی بۆ مرۆڤ دابین بکەین، چەند عیادەیەکی پزیشکیمان کردوەتەوە، عیادەیەکی ددانمان کردوەتەوە، کارێکمان کردوە تا هەژارەکان زەرەرمەند نەبن، نەخۆشی بەتەمەن و منداڵ سودمەندبن، هەوڵماندا خەڵک بخەینە سەر کار تا بتوانێت بژی، ئەم کارە ئینسانیانە بەلای ئێمەوە لە شتەکانی تر گرنگترن".

دکتۆر یوسف تۆما وتیشی: "ئه‌گەر تۆ موسڵمانیت یان کریستیان، یاخود ئێزدی و سابیئە، گرنگ خزمەت کردنە، عیبادەتی خوا لەهەر کوێ دەتەوێت بیکە، بەڵام گرنگیدانت بە مرۆڤ پێوەرە".

یوسف تۆما سەرۆکی مەترانەکانی کەرکووک و سلێمانی، نیگەرانی خۆی نیشاندا لە کۆچ کردنی خەڵکی عێراق و خنکانیان لەدەریاکاندا، وتی: "تەنها کریستیان کۆچ ناکات، بەلای کەمەوە چوار ملیۆن عێراقی کۆچیان کردووە، چوونکە وڵاتەکەمان ماندووە".

News Code 4573

Your Comment

You are replying to: .
captcha