بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دوو کەناڵی سووری، رایگەیاند، کاتێک ئەوان لەگەڵ هەسەدە لەسەر بابەتێک رێکدەکەون، بەڵام ئەمریکا لەدژی دەوەستێت و هەسەدەش رێککەوتن رەتدەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی سووریا دەشڵێت: "نابێت هەسەدە پشت بە ئەمریکا ببەستێت، هیچ پڕۆژەیەکی پارچەکردنی سووریا لەلایەن ئەمریکاوە سەرناکەوێت".
بە گوتەی فەیسەڵ میقداد، ئەمریکا زیاتر لە 57 هەزار کەسی لە کامپی هۆل راگرتووە، کە لەنێویاندا 30 هەزار منداڵ هەیە.
تورکیا وەک "داگیرکەری بەشێک لە خاکی سووریا" لەلایەن وەزیری دەرەوەی سووریا ناوهێنرا و رایگەیاند: "تورکیا بەشێک لە خاکی سووریای داگیرکردووە و هەوڵی تورک کردنی دەدات، ئەمەش دەبێتە وێرانکردنی وڵات".
هەر سەبارەت بە تورکیا، وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "تورکیا گرفت لەبەردەم پرۆژەی ئاستانا و سووچی دروست دەکات".
لەبارەی نووسینەوەی دەستووری سووریاش، فەیسەل میقداد هەنگاوەکانی بە "پۆزەتیڤ" ناوبرد و رایگەیاند، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا نییە، بەڵام کێشەی ئەوان لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەیە کە "بە هەزاران تیرۆریستیان ناردووە و بە ملیاران دۆلاریان خەرج کردووە بۆ ئەوەی سووریا وێران بێت".
لە تۆڕی میدیایی رووداو وەرگیراوە
Your Comment