دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: دەستبەرداری دوو کورسییەکەمان نابین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیێنێت دەستبەرداری ئەو دوو کورسییەی پەرلەمانی عێراق نابن، کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە دەستیاندان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە 28-12-2021 هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵی 2018ش دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان، دوو کورسییمان لە لایەنە عێراقییەکان بە یاسا وەرگرتەوە".

هاوار محەممەد ئاماژەی بەوەدا لە ماددەی 52ی دەستووری عێراق باس لەوە کراوە، هەر بەربژێرێک یان لایەنێکی سیاسیی پێیوابوو لە پەسندکردنی ئەنجامەکاندا مافی خوراوە، دەتوانێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەگوێرەی یاسا و بڕگەی "دروستبوونی مافی ئەندامێتی" داوای مافەکەی بکاتەوە.

بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت چاوەڕێی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقن؛ بۆ ئەوەی بەگوێرەی دەستوور، لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوای ئەو دوو کورسیەیان دەکەنەوە کە دراون بە دوو بەربژێری لایەنێکی دیکە.

هاوار محەممەد گوتی: "بەهەمان شێواز ساڵی 2018 دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکان، توانیمان دوو کورسییمان کە بەمشێوەیەی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەر لێمان کەمکرایەوە بەدەستبهێنینەوە، بۆیە لەدەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا هەمان رێکار دەگرینەوەبەر".

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، کە رۆژانی 8 و 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، کورد 63 کورسی بەدەستهێنا؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی 31 کورسی وەک لایەنی یەکەمی لایەنە کورستانییەکان، بەدوای ئەویشدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە 18 کورسی، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 4 کورسی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش بە کورسییەک دێن.

شایانی باسە رۆژی دووشەممە 27-12-2021، دادگەی فیدراڵی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەسند کرد و پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ئەنجامەکان کرد، بەڵام رایگەیاند: "جەخت لە بەدواداچوونی ئەو ستەمە دەکەینەوە کە لە پارتیمان کرا لە بە ناحەقبردنی دوو کورسی لە کورسییەکانمان".

News Code 4522

Your Comment

You are replying to: .
captcha