بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتى پێشمەرگە راگەیەنراوێکى بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە: ئەنجومەنی بەرگریی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەل ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم کۆبوونەوە، پڕۆسەی چاکسازی و دوایین گۆرانکارییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لەوبارەیەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، راوێژکارانی باڵای سەربازی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریکا و هۆڵەندا، سەرنج و پێشنیارەکانی خۆیان لەسەر هەنگاوەکانی ئێستای چاکسازی و لەمپەرەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە خستەڕوو، جەختیشیان کردەوە لەو پڕۆژانەی پێویستیان بە رێککەوتنی سیاسی دەرەوەی وەزارەت هەیە، هەوڵەکانی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێشەوە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگە باسی لەوە کردووە، پرۆسەی چاکسازی زەروورەتێکە و هەموومان هاوکار و پاڵپشتی چاکسازین لە وەزارەتی پێشمەرگە و لەم پێناوەشدا، هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ و ناوەستین و بەردەوام دەبین.
Your Comment