بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارێز عەبدوڵا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاندووە: "بەرژەوەندیی گشتى ئەوەمان لێ دەخوازێت کە پێش ئەوەی بچینە بەغدا رێکبکەوین و لەسەر بەرنامەیەکى هاوبەش رێکبکەوین".
ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانکارییەکانى ناو یەکێتى ئاسایین و ناوخۆیین و پەیوەندی بە هیچ لایەنێکى سیاسییەوە نییە، ئەوە پەیوەندی بە یەکێتیەوە هەیە.
لەبارەى پۆستى سەرۆک کۆماریش، ناوبراو دەلێت: "ئەو پۆستە نە هی یەکێتییە و نە هی پارتییە، ئەوە هی کوردە، بۆیە پێویستە هەوڵ دەین کە ئەو پۆستە هەمیشە بۆ کورد بێت، لەناو کوردیش دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
ئارێز عەبدوڵا وتیشى: "پێشتر رێککەوتن لەنێوان پارتى و یەکێتى هەبووە و پۆستە بۆ یەکێتى بێت و ئەزموونیشمان هەیە، مادام پۆستەکانى دیکەی هەرێم لای پارتییە پۆستى سەرۆک کۆماریش لە بەغدا بۆ یەکێتى بێت، ئەگەر ئەو پۆستە بۆ پارتى بێت لەبەرژەوەندی خەڵکى کوردستانى نابینم".
لەبارەی کاندیدەکەی سەرۆک کۆمار روونکردەوە، یەکێتى کاندیدى هەیە و داوای دەکات، بەرهەم ساڵح کاندیدی ئێمەیە، لەسەر یەکلاکردنەوەی بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام قسە هەیە کە بەرهەم ساڵح خۆی کاندید بکاتەوە یان کاندید بکرێتەوە.
ناوبراو وتیشی: پێمان باشە کاندیدى سەرۆک کۆمار بە رێککەوتن بێت و ئەگەر بە رێکەوتن نەبوو ئەوا لەناو پەرلەمانی داهاتووی عێراق هەر لایەنە و شانسی خۆی تاقی بکاتەوە.
Your Comment