چوار وڵاتی ڕۆژئاوایی لەبارەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە نامەیێک ئاراستەی سەرۆکی هەرێم دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان_ کونسوڵخانەی ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لەبارەی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە نامەیەک ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کونسوڵخانەی ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لەبارەی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن و رایدەگەیەنن، بەو پێیەی بەشێکن لەوڵاتانی بەشدار لە پرۆسەی چاسازیی هێزی پێشمەرگە، هانی خانەنشینکردنی 830 ئەفسەری پێشمەرگە دەدەن و داوای کاراکردنەوەی کۆمەڵێک هەنگاوی هەڵپەسێردراوی پرۆسەی چاکسازیی دەکەن لەوانەش ستراتیژیی بەرگریی سەربازی و یەکەی ژمێریاریی یەکگرتوو.

کونسوڵخانەی ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لەنامەکەیاندا کە ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردوە، ئاماژەیان بەوەشکردوە، "پیرۆزبایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەسەر ئەو بەرەوپێشچونەوەی فەراهەمی کردوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی پێشمەرگە، کە ئەمە هەنگاوێکی یەکجار گرنگە بۆ خوڵقاندنی هێزێکی شەڕکەری کاریگەرتر. لەم کاتەدا کە زیاتر لە 2000 پێشمەرگە خانەنشینکراون بەپێی یاسا نوێیەکە، ئێمە هانی جێبەجێکردنی خانەنشینکردنی ئەو 830 ئەفسەرەش دەدەین، بەو شێوەیەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی کردوە.".

ئاماژە بەوەش دەکەن، "لەو باوەڕەداین پێویستە هەنگاوی هاوشێوە بگیرێنەبەر لەسەر بڕگە هەڵپەسێردراوەکانی چاکسازی، کە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزیکردونەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسندکردنیان، بۆ نمونە ستراتیژیی بەرگریی سەربازی و یەکەی ژمێریاریی یەکگرتو."

کونسوڵخانەکانی ئەو چوار وڵاتە پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکی هێزەکانی حەفتا دەردەبڕن بۆ یەکخستنی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی دو لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو بارەیەوە دەڵێن، "چاوەڕوانی پەسەندکردنی داواکارییەکەی هێزەکانی حەفتاین بۆ یەکخستنی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی دو لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە.

لەنوسراوەکەدا کە واژۆی سڤێن مۆسلەر کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، مایکا کایزەر جێگری کۆنسوڵی گشتیی هۆڵندا، دەیڤد هەنت کۆنسوڵی گشتیی بریتانیا و رۆبێرت پاڵاندینۆ کۆنسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای لەسەرە ئاماژە بەوەش دەکەن، "ئێمە پابەندین بە پشتگیریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەت بۆ ئەم چاکسازییە. هاوکات چاوەڕوانی هەنگاوەکانی داهاتوین بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیی درێژمەودا و ئاسایشی بەردەوام لە هەرێمی کوردستانی عێراق."

News Code 4422

Your Comment

You are replying to: .
captcha