به‌رپرسی به‌شی سیاسی و ئابووریی له‌ کونسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا  له‌گه‌ڵ وه‌زیری کاره‌بای حکوومه‌تی هه‌رێم کۆ بوویەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌رپرسی به‌شی سیاسی و ئابووریی له‌ کونسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری کاره‌بای حکوومه‌تی هه‌رێم، ئاماده‌یی وڵاته‌که‌ی بۆ به‌شداری کردن له‌ پرۆژه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با به‌ وزه‌ی خۆر له‌ هه‌رێم کوردستان به‌ وه‌زیری کاره‌بای ده‌ربڕی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی وه‌زاره‌تی کاره‌با، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، دو تیانتاواچ به‌رپرسی به‌شی سیاسی و ئابووری له‌ کونسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی کاره‌بای کرد و له‌لایه‌ن که‌مال محه‌مه‌د وه‌زیری کاره‌باوه‌ پێشوازیی لێکرا، له‌سه‌ردانه‌که‌یدا، ئاماده‌یی کۆمپانیاکانی ئه‌مریکای بۆ به‌شداری کردن له‌ پرۆژه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با به‌ وزه‌ی خۆر له‌ هه‌رێم کوردستان به‌ وه‌زیری کاره‌بای ده‌ربڕی.

که‌مال محه‌مه‌د و دو تیانتاواچ له‌ دیداره‌که‌دا باسیان له‌ به‌شداری کردنی کۆمپانیاکانی ئه‌مریکا له‌ پرۆژه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با به‌ وزه‌ی خۆر و راکێشانی هێڵی 400 که‌ی ڤی و هه‌روه‌ها به‌ره‌هه‌مهێنانی کاره‌با به‌ گازی به‌فیڕۆچووی کێڵگه‌ی نه‌وتی سه‌رسنگ، پرۆژه‌ی سکادا و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوو وه‌زارتی کاره‌بای هه‌رێم و فیدراڵ کرا.

وه‌زیری کاره‌با رایگه‌یاند، "له‌ زاخۆ، سۆران، گه‌رمیان و راپه‌رین ده‌ست به‌ جێبه‌جێ کردنی پرۆژه‌کانی هایدرۆپاوه‌ر بۆ به‌رهه‌مهێنانی 300 مێگاوات کاره‌با ده‌کرێت"، داواشی کرد ئه‌مریکا په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی بۆ دامه‌زراندنی وێستگه‌کانی کاره‌با له‌ شێخان، مه‌خموور و جه‌باره‌ له‌ ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 له‌ رێگه‌ی عێراقه‌وه‌ به‌کاربهێنێت.

که‌مال محه‌مه‌د باسی له‌وه‌ش کرد، ئه‌و قه‌رز و یارمه‌تییانه‌ی که‌ ئه‌مریکا و وڵاتانی دیکه‌ به‌ که‌رتی کاره‌بای عێراق ده‌ده‌ن، تا ئێستا پشکی وه‌زاره‌تی کاره‌بای هه‌رێمی کوردستانی نه‌دراوه‌.

نوێنه‌ری ئه‌مریکا دوو پرۆژه‌ی گرنگی که‌رتی کاره‌بای هه‌رێم وه‌ک به‌رهه‌مهێنانی کاره‌بای به‌ گازی به‌فیڕۆچوی کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کان و پرۆژه‌ی پێوه‌ری زیره‌ک گرنگ نرخاند و وتی، "نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریکا له‌ عێراق به‌ جیدییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌م پرۆژانه‌".

News Code 4402

Your Comment

You are replying to: .
captcha