بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا "پابەندبوونی بایدنی بە ئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دووپات کردەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە چیدیکە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رۆڵی شەڕکردن نابینین."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەکگۆرگ بە بەرپرسانی حکوومەتی فیدڕالیی عێراق و هەرێمی کوردستانی گوتووە، گۆڕانکاری لە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیماناندا، "بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونە گەورەیەوە بووە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە نێویشیاندا پێشمەرگە، لە سەرکردایەتی کردنی شەڕی دژی داعش بەدەستیانهێناوە."
کۆشکی سپی دەشڵێت، "هێزەکانی دیکەی سەر بە هاوپەیمانی، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دەمێننەوە و ئەرکەکەیان لە راوێژکاری و یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق سنووردار دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەرگیز داعش سەرهەڵناداتەوە".
کۆشکی سپی ئاماژە بەوەش دەکات، "مەکگۆرک هەروەها پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کرد بە بۆنەی یادی یەک سەدەی دامەزراندنی عێراق، هەروەها پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمریکا بە عێراقەوە، لە ژێر رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، دووپات کردەوە."
Your Comment