بەرهەم ساڵح و مەکگۆرک کۆتایی ھێنان بە رۆڵی شەڕکردنی هاوپەیمانان لە عێراق تاوتوێ دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق و رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەخت لە پێویستیی کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی کرد لە برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و شاندی یاوەری.

ئەوەش هاتووە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، کەلتووری، ژینگەیی لە رێگەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ھەردوولا بکات، ھاوکات باس لە کۆتایی ھێنان بە رۆڵی شەڕ کردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەهێز کردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی راوێژەوە کرا و دووپات کرایەوە لەگرنگی ریشەکێش کردنی پاشماوەکانی تیرۆر.

لەبارەی دۆخی ناوچەکەش سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەوە کردووە، "بەگرنگییەوە باس لە گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە کرا و جەخت کرایەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و بەیەکگەیشتن بە ئاڕاستەی کەم کردنەوەی ناکۆکی و بارگرژییەکان."

سەرۆک بەرهەم لەکۆبونەوەکەدا رایگەیاند، جەخت دەکەینەوە لەرۆڵی گرنگ و میحوەری عێراق لە ناوچەکەدا، وەک پێکھاتەیەکی گرنگی سازان و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابوری و بازرگانی و گەشەپێدان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵات و گەلانی ناوچەکە.

News Code 4389

Your Comment

You are replying to: .
captcha