کوردپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی گرووپێک لە پارێزگای هەڵەبجە بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت "سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش" بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگاکەیان وەرگرتووە و لەژێر چاودێری و رێنوێنیی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان/ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بە هاوکاریی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، "لە ھەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیای سەرکەوتوودا رۆژی چوارشەمە 08-12-2021 ژمارەیێک لە ئەندامانی تاقم و گرووپی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ، سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران".
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا "دەست بەسەر ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە کە [گرووپەکە] پیلانیان دانابوو تاوەکو لە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاری بهێنن".
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، "لەبەر سەلامەتیی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی دۆسیەکە، زانیارییەکانی پەیوەست بەم پیلانەی تیرۆریستان دەھێڵینەوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی دروست زانیاریی زیاتر لەبارەی شکستپێهێنانی تێکدانی ئارامیی ھەرێم لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".
Your Comment