بافڵ تاڵەبانى: بەراشکاوى هۆکارى زەفەربردنى داعش بە پێشمەرگە رادەگەیەنم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵەبانى رایگەیاند، ھۆکاری زەفەربردنى داعش بە پێشمەرگە ئەوەیە ئەو سنوورانە پێویستیان بە پشتێنەی ئەمنی تۆکمەتر ھەیە، کە بەھێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت و پێویستە بەخێرایی لە ھەموو روویێکەوە ئامادە و پڕچەک بکرێن. 

کوردپرێس:

بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى لەپەیامێکدا رایگه‌یاند، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ھاوکاری سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆن و کێوماڵی بەپەلە دەکەین، تاوەکو ئاسایشی ھەرێم و ناوچەکە بپارێزرێت و رێگیر بکرێت لە ھەر پلانێک کە ئارامی لە خەڵک تێکبدات".

دەقى پەیامەکە:

لە ناخی دڵمانەوە ھاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەین کە رۆڵەکانیان شەوی رابردوو لە گوندی (قەرەسالم) لە سەنگەری بەرگریدا شەھید بوون. ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو کردەوە تیرۆرستییانە دەخوازین و ئامادەی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ ھەر کارێک و ھاوکارییەک کە لە پێناو چارەسەریاندا پێویست بێت.

سەبارەت بەو جموجۆڵە ترسنۆکانەی ئەم ماوەیەی تیرۆیستانی داعش لە سنوورەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکانی کوردستان، دڵنیاتان دەکەمەوە کە بەبێ وەڵام و گورزی پۆڵاینی ھێزی پێشمەرگە تێناپەڕێت.

بەندەش سەرەڕای ھەموو ئەرکەکانی دیکە، زۆر بەوردی و لە نزیکەوە چاودێری سەرجەم بەدواداچوون، پلان و ستراتیژ و شێوازی نوێی بەرەنگاری و گورزوەشاندن لە تیرۆریستان دەکات.

ھەر بۆیە کوردستانیان و دانیشتوانی ئەو ناوچانەش دڵنیا دەکەینەوە، کە لە نزیکترین کاتدا ئەم مەرامانە پوچەڵدەکرێنەوە و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەھیدەکانمان دەکەنەوە و پارێزەری سەروماڵی یەک بەیەکتان دەبین.

بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنم ھۆکاری ئەم زەفەر بردنانە ئەوەیە ئەو سنوورانە پێویستیان بە پشتێنەی ئەمنی تۆکمەتر ھەیە، کە بەھێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت و پێویستە بەخێرایی لە ھەموو روویەکەوە ئامادە و پڕچەک بکرێن، ھەر بۆیە لە ئەمڕۆوە ھەنگاوی پێویست دەنرێت، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ھاوکاری سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆن و کێوماڵی بەپەلە دەکەین، تاوەکو ئاسایشی ھەرێم و ناوچەکە بپارێزرێت و رێگیر بکرێت لە ھەر پلانێک کە ئارامی لە خەڵک تێکبدات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

News Code 4341

Your Comment

You are replying to: .
captcha