بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە میخاییل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندێکی یاوەری کرد .
لەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئاڵوگۆڕکران.
لە بەشێکیتری ئەو دیدارەدا ھەڕەشەی تیرۆر لەسەر سەقامگیری ناوچەکە تاووتوێ کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تیرۆر ڕیشەکێش بکرێن.
بارودۆخی سووریا تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو و بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئاییندەی کورد لە سووریا بە شاندی میوان گەیاند.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیە مێژووییەکانی گەلی کوردستان و گەلی ڕووسیا، ڕۆڵی مێژوویی بنەماڵەی بارزانیی لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیە بەرز نرخاند و خوازیاری ئەوەش بوو کە پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گەشەی زیاتر ببینێت.
Your Comment