کوردپرێس:
ڕایەڵەی پارێزەرانى بزوتنەوەى گۆڕان ڕاگەیەندراوێک لەبارەى دۆخى دواى خۆپیشاندانەکانى چەند ڕۆژى ڕابردوو بڵاو دەکاتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەر دەستگیرکراون، لەناویشیاندا هاوپیشەیان پارێزەر (ئەردەڵان فاتیح بەرزنجی) کە تائێستا دەستبەسەرە و ئازادنەکراوە، ئیدانەی ئەو دەستگیرکردنە دەکەن و بەپێچەوانەی یاساو مافی مرۆڤ و ئازادییە کەسی و دەستوورییەکانی دەزانن.
ئەو ڕایەڵەیەی گۆڕان داوای ئازادکردنی دەسبەجێ و بێ مەرجی ئەو پارێزەرە و سەرجەم خوێندکارە دەستگیرکراوەکان دەكەن، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژی هەموو ئەو کەسانەی کەدەستیان هەبووە لە ئازاردان و توندوتیژی بەرامبەرخۆپیشاندەران .
هەروەها، هەڵگرتنی ڕەوشی بەسەربازگەکردنی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە ڕەشبگیری و ئەو دۆخە نائاساییەی سەپێنراوە و دەڵێن: بەپێچەوانەوە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنییان دا هەڵوێستی توندترمان دەبێت.
Your Comment