کوردپرێس:
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەو رووداوانەی لە سلێمانی و رانیە روودەدەن، پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی جیددییە، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، دژی هەموو جۆرە تووندوتیژییەکین، لەگەڵ ئەوەداین خۆپیشاندانی ئاشتییانە بکرێت و هەموو کەسێکیش مافی خۆیەتی، بەڵام خۆپیشاندانیش شێوازی خۆی هەیە و دەبێ بە مۆڵەت بێت".
هەفتەی رابردوو ئەفسەرێکی پۆلیسی رانیە بەناوی موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە، تەقەیان لێکراو کوژران. ئەو ئەفسەرەی پۆلیس بە "فەرماندە"یەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی ناوی دەهێندرا.
رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "تووندوتیژی لە هەر لایەکەوە بێت، لەلایەن دامەزراوەی حکومەت یان خۆپیشاندەرانەوە بێت، رەتکراوەیەوە. لە دوو ساڵ و نیوی رابردوو، هەر خۆپیشاندانێک لەو سنوورە کرابێ، ناچاربووین لیژنەی لێکۆڵینەوەمان دروستکردووە بۆ هۆکارەکانی تووندوتیژی، هەروەها ئەرکێکی زۆر قورسی دارایی کەوتووەتە سەر شانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی تێکدراون لەلایەن ئەو کەسانەی بە خۆیان دەڵێن خۆپیشاندەر، بەڵام لە راستیدا هەندێک دەستی تێکدەری تێدایە و هەمیشە خۆپیشاندانەکان بۆ سووتاندن و تێکدان و دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی حکومەت دەبا، بۆ نموونە کتێبخانەی گشتیی و بنکەی کارتی نیشتمانی چ کێشەیەکی لەگەڵ دەرماڵەی خوێندکاران هەیە؟ ئەمە دەستێکی سیاسیی تێکدەری لەپشتە، ئێمە دژی تووندوتیژین، ئەگەر تووندوتیژیش لەلایەن پۆلیس یان ئاسایشەوە کرابێت ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین".
لەبارەی هێرشکردنە سەر فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە هەولێر، وەزیری ناوخۆ گوتی: "لێکۆڵینەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر فەرمانگەی پەیوەندییەکان کراوە و کەسێک هەوڵی چوونە ژوورەوەی داوە، بۆیە کوژراوە، هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە".
لە پەرلەمانی کوردستان، واژوو کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن، لەوبارەوە وەزیری ناوخۆ گوتی:" تائێستا پەرلەمان بە فەرمی داوای نەکردووە، ئێمە زۆرترین بەشداریمان لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا هەبووە و هەرکاتێک پێویستبێ ئامادەین".
Your Comment