کوردپرێس:
ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی سەرهەڵدانی جۆری نوێی كۆرۆنای ناسراو بە (ئۆمیكرۆن) راگەیاند، تاكو ئێستا هیچ حاڵەتێك لەهەرێمی كوردستان و لە عێراقیش تۆمار نەكراوە، راشیگەیاند ئەوان وەك وەزارەتی تەندروستی بەوردی چاودێری دۆخەكە دەكەن و ئامادەن بۆ دەستنیشانكردن و پشكنین و لە ئامادەباشیدان.
ئاماژەی بەوەش كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرێكی كۆرۆنا، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراق بەهاوكاری رێكخراوی تەندروستی جیهانی هەماهەنگی تەواویان هەیە و بەیەك تیم كاردەكەن.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونیشیکردەوە کە وەزارەتی تەندروستی عێراق نووسراوی بەرزكردووەتەوە بۆ لیژنەی باڵای كۆرۆنای عێراق بۆ ڕاگرتنی گەشت بۆ وڵاتانی كیشوەری ئەفریكا.
هەفتەى رابردوو رێکخراوى تەندروستى جیهانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسێکى نوێی راگەیاند، کە گۆڕاوی ڤایرۆسى کۆرۆنایەو بە ڤایرۆسی"ئۆمیكرۆن" ناو دەبرێت، کە بەگوێرەى رێکخراوەکە ئەم ڤایرۆسە کاریگەرییەکانى زیاترە لە کۆرۆنا.
Your Comment