هادی عامری: بەڵگەی پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێشکەش کراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، کە باڵی سیاسی گرووپەکانی حەشدی شەعبییە لە عێراق رایگەیاند، بەڵگەی پێویستیان بۆ "هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق" پێشکەش کردووە.

کوردپرێس:

نووسینگەی راگەیاندنی هادی عامری، ڕۆژی یەکشەممە 21ی نۆڤێمبێری 2021، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هادی عامری ئەمڕۆ بەجیا سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە لە بەغدا کردووە، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسییەکان و پرسی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "عامری و عەبادی و عەللاوی لە دیدارەکانیاندا جەختیان لەسەر پێویستی بەدواداچوون لە رێگەی یاسا و دادگە بۆ تانەکان کرد. کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دراون، لە بەرامبەردا هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح جەختیکردەوە ئەو تانانەی، کە هاوپەیمانیی فەتح پێنجشەممەی رابردوو پێشکەشی دادگای فیدراڵی کرد هێندە بەڵگەی تێدایە بەسن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".

دوێنێ، عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند تانەیەک لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دراون و لە لایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ بەرژەوەندیی خاوەن تانەکان بڕیاریان لێدراوە، بۆیە چەند وێستگەیەکی دەنگدان پووچەڵکرانەوە و ئەگەری هەیە گۆڕانکاری لە براوەکانی پێنج بۆ شەش کورسی پەرلەمان رووبدات".

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا 33 کورسییان بەدەست هێناوە، بەڵام هاوپەیمانیی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنە تەنیا 15 کورسی بەدەست هێناوە، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردەوە.

News Code 4174

Your Comment

You are replying to: .
captcha