حکوومەتی هەرێم ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک یارمەتی ئەو کۆچبەرانە بدات، کە دەیانەوێت به‌ ئاره‌زووی خۆیان بگەڕێنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک یارمەتی ئەو کۆچبەرانە بدات، کە دەیانەوێت به‌ ئاره‌زووی خۆیان بگەڕێنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان 24 دووپاتی دەکاتەوە؛ هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیان لە بێلاڕووس بەردەوام دەبێت، تا به‌ سه‌ربه‌رزانه‌ له‌ وڵاتی خۆیان بژین.

سەفین دزەیی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد، کۆچبه‌رانی بێلاڕووس بازرگانییان پێکراوه‌، که‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی جیاجیان، له‌ ئه‌فریقیا، عێراقی، خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌فغانی و یه‌مه‌نی که‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست تۆڕی قاچاغچییه‌کان، له‌سه‌ر نه‌هامه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌ قاچاغچییه‌کان سوودمه‌ندبوون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، له‌ رۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ به‌ هاوکاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و باڵیۆزخانه‌ی فیدراڵی له‌ پۆلۆنیا و رووسیا، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له‌ پۆڵۆنیا هه‌وڵماندا به‌ده‌نگ ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ بچین، ئه‌وانه‌ی خوازیارن بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ زۆره‌ملێ نا، بیانگه‌ڕێنینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ له‌ ئاره‌زووی خۆی گه‌شتی کردووه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆیشی ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان روونیکرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ به‌ فه‌رمی رۆیشتوون و ڤیزایان هه‌بووه‌، به‌ڵام دڵمان ژان ده‌کات، که‌ ده‌بینین ئه‌و خه‌ڵکانه‌ له‌ناو داستانه‌کاندا مامه‌ڵه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، به‌و سه‌رمایه‌ و به‌و زستانه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی ده‌ستی قاچاغچیان و له‌ هه‌مانکاتدا قوربانی ململانێی سیاسه‌تی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا.

News Code 4154

Your Comment

You are replying to: .
captcha