بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەی نێوان مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراقدا گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرا لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە ڕێگەی سوود وەگرتن لە توانا بەردەستەکانی هەردوولادا.
وەزیری کارەبای عێراق، ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا بەدەستهاتوون لە بواری بەرهەمهێنان و دابەش کردنی کارەبا و ڕێگری کردن لە زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا و بەکارهێنانەوەی ئەو گازانەی لە کێڵەگانی نەوت دەسووتێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کە دەکرێ لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیشدا سوودیان لێ وەربگیرێت.
سەرۆکی حکوومەت، جەختی لە گرنگیی کارکردن لە سەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری بەتایبەتی لە بواری وزە کردەوە، بە جۆرێک کە سوود لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی وزە وەربگیرێت. دووپاتیشی کردەوە کە لە عێراق، توانا و شارەزایی و سەرچاوەی باش ھەن کە ئەگەر بە باشی سوودیان لێ وەربگیرێت، عێراق دەتوانێت لە بەرهەمهێنانی کارەبادا، پشت بەخۆی ببەستێت.
Your Comment