نێچیرڤان بارزانی داوا دەکات بەغدا بەگیانی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ عیراق پشتیوانی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ڵێت،  پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ گیانێكی به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر و ڕێككه‌وتنه‌كانیش جێبه‌جێ بكرێن.

کوردپرێس:

جینین پلاسخارت، نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییێكی باشی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی عێراقدایه‌، هه‌روه‌ها پشتگیریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی بۆ گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولا ده‌ربڕی و هیوای خواست كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵی گرنگی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، هیوای خواست له‌ هاندانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ سه‌ركه‌وتنی گفتوگۆكان به‌رده‌وام بێت و له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیاندا هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بێت.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی و گشتگیری كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، كلیلی سه‌قامگیریی عێراق و پێكه‌وه‌ژیانه‌ و به‌ ڕه‌چاوكردنی دۆخی سه‌ختی وڵات و ته‌حه‌دییه‌كانی به‌رده‌می، ده‌بێ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ گیانێكی به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر و ڕێككه‌وتنه‌كانیش جێبه‌جێ بكرێن.

دۆخی سیاسی، ئه‌منی، ته‌ندروستی و ئابووریی عێراق، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئه‌ركی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی وڵات، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی مایه‌ی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

News Code 414

Your Comment

You are replying to: .
captcha