کوردپرێس:
بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی كردووە لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لەكۆبونەوەیەكدا دۆخی عیراق بەگشتی و قۆناغی دوای پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجامەكانی، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداو هەوڵەكانی چارەسەركردنیان گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتوە، سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێم، پرسی دامەزراندنی حكومەتی داهاتوی عیراق، شەڕی تیرۆرو روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی داعش و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتیان تاوتوێكردوەو بیروڕایان لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕكردوە.
هەروەها ئاماژە بەوەش كراوە، هەردوولا جەختیان لەگرنگی و پێویستی هاریكاری و هەماهەنگی هێزو لایەنە عیراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی هەڕەشەكانی قۆناغەكە كردۆتەوەو هاوڕابون كە هەموان پێكەوە بۆ جێگیركردنی سەقامگیری و هێنانەكایەی حكومەتێكی خزمەتگوزارو وەڵامدەرەوە بۆ چاوەڕوانی و داواكارییەكانی هاووڵاتیان كاربكەن و پرۆسەی سیاسی وڵات بخەنە سەر رێچكەو پێگەی دروستی خۆی.
Your Comment