حکوومەتی هەرێم: ژمارەیێک لە هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ قوربانیی ده‌ستی قاچاخچیێتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی لەبارەی پرسی کۆچبەران بڵاوکردەوە و دەڵێت "حكوومه‌تی ھەرێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌ و درێخی ناكات له‌ گه‌ڕا‌ندنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئه‌و ھاووڵاتییانەی كه‌ له‌ سنووری بێلاڕووس گیریان خواردووه."

کوردپرێس:

رۆژی چوارشەممە 17-11-2021 د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی لەبارەی پرسی کۆچبەران لە سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا بڵاو کردەوە.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە کە ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی دەستی قاچاخچیێتی و دەڵێت "له‌ چه‌ند هەفتەی رابردوودا، ژمارەیێک لە هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ قوربانی ده‌ستی قاچاخچیێتی بۆ بەرژەوەندی و سوودی ماددی، و هه‌ندێك لایه‌ن ‌ئه‌م دۆخه‌یان قۆستو‌وه‌تەوە ‌بۆ له ‌كه‌داركردنی ناوبانگی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئامانجێکی كورتخایه‌ن."

جووتیار عادل ئەو قسانە بە پڕوپاگەندە ناودەبات و دەشڵێت، "سەرەنجام هەموو راستییه‌كان ده‌ركه‌وتن كه‌ ئەو پروپاگه‌ندانه‌ دوورن لە راستییەوە."

پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند بوو کە 300 کەس داوایان کردووە لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا بگەڕێندرێنەوە عێراق.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت "حكومه‌تی ھەرێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌ و درێخی ناكات له‌ گه‌ڕا‌ندنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئه‌و ھاووڵاتییانەی كه‌ له‌ سنووری بێلاڕووس گیریان خواردووه،‌ و بە ئەرکی خۆی دەزانێت هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بکات و بە گەرمی پێشوازی لە گەڕانەوەیان بکات."

رۆژی سێشەممە، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ تەواوکردنی رەزامەندی و ئامادەکردنی ئاماری ئەو عێراقییانەی لە بێلاڕووسن و ناوی خۆیان تۆمارکردووە. لەم هەفتەیەش گەشتەکان بۆ گەڕاندنەوەیان دەست پێدەکات".

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەوەی وەزارەتی دارایی 200 هەزار دۆلار، یاخود 300 ملیۆن دینار تەرخان بکات بۆ وەزارەتی دەرەوە لە یەدەگی فریاگوزاریی ساڵی دارایی 2021، ئەوەش بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی کە لەو سنوورانە گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە.

دەقی راگەیێنراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆچبەران

راگه‌یه‌ندراوێك له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

له‌ چه‌ند هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیێک لە هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ قوربانی ده‌ستی قاچاخچێتی بۆ بەرژەوەندی وسوودی ماددی، و هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی ئه‌م دۆخه‌یان قۆستو‌وه‌تەوە ‌بۆ له‌كه‌داركردنی ناوبانگی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئامانجێکی كورتخایه‌ن، سەرەنجام هەموو راستییه‌كان ده‌ركه‌وتن كه‌ ئەو پڕوپاگه‌ندانه‌ بێ بنەمان.

حكوومه‌تی ھەرێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌ و درێغی ناكات له‌ گه‌ڕا‌ندنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئه‌و ھاووڵاتییانەی كه‌ له‌ سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا گیریان خواردووه، و بە ئەرکی خۆی دەزانێت هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ گەڕانەوەیان بکات.

حکوومەتی هەرێم سوپاس وپێزانینی تایبەت ئاراسته‌ی وەزارەتی دەرەوەی حکومەت عێراقی فیدڕاڵ دەکات و رۆڵی لە گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبه‌رانە کە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان، هەروەها سوپاسی هە‌موو ئەو لایەنانە دەکات کە‌ لەم بارەوە هاوكار بوونە.

جووتیار عادل

وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

١٧ی تشرینی دووهەمی ٢٠٢١

News Code 4121

Your Comment

You are replying to: .
captcha