١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢١ - ٢٠:٤٩
سێ مووشەک لە باشیک کەوتنە خوارەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سێ مووشەک لە نزیک گوندی باڤیان لە سنوری ناحیەی قەسرۆک کەوتنە خوارەوە و قائیمقامی قەزای شێخانیش باسی لەوەکردووە لە سنوری موسڵەوە ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا کراون.

کوردپرێس:

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ سێشەممە 16-11-2021 ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 10:15 ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سێ مووشەک کە دووانییان کاتیۆشای بچووک بوون لەگەڵ مووشەکێکی جۆری گراد ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا لە باشیک کراون، بەڵام بەهۆی زۆر رۆیشتن و دوور مەودایی مووشەکەکانەوە زیاتر رۆیشتوون و لە گوندی باڤیانی سەر بە ناحیەی قەسرۆکی قەزای شێخان کەوتوونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی زیانی ماددی و گیانیان هەبێت".

هاوکات سەردار یەحیا قائیمقامی قەزای شێخان لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ مووشەک لە نزیک گوندی باڤیانی سەر بە ناحیەی قەسرۆکی قەزای شێخان کەوتووەتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان موشەکەکان لە نزیک موسڵەوە ئاڕاستە کراون و وتیشی، " پێدەچێت ئامانجیان سەربازگەکانی تورکیا بووبێت."

باسی لەوەش کردووە، هیچ کام لە سێ موشکەکە زیانیان نەبووە بەهۆی ئەوەی لە چوار دەوری گوندی باڤیانی ناحیەی قەسرۆک کەوتونەتە خوارەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا چەند جارێک ماوە ماوە موشەک ئاراستە دەکرێت و ئامانجیان سەربازگەکانی تورکیایە لەو ناوچانە، دواین جاریش کە موشەک ئاراستە کرابێت لە سەرەتای ئەم مانگەدا بوو کە سێ موشەک ئاراستەی سەربازگەکانی تورکیا کرا لەو ناوچانە و یەکێک لە موشەکەکان بەر سەربازگەکە کەوتبوو.

News Code 4114

Your Comment

You are replying to: .
captcha