کوردپرێس:
محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، رایگەیاند، ڕەنگە کورد و سونە لە پۆستی سەرۆک وەزیران دا قسەیان هەبێت، بەڵام شیعە خۆی بڕیار دەدات، کێ دەکەنە سەرۆک وەزیران.
سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی عێراق، کێشەی نێوان ئێران و ئەمەریکایە، بڕیار لە عێراق و کوردستان نادرێت، بەڵکو لەدەرەوەی عێراق دەدرێت و وتیشی: پێش هەڵبژاردن، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەلایەن تورکیاوە بانگکرا و لابرا، کەسێکی تر خرایە جێگەکەی بێ ئەوەی پرس بەکەس بکەن، خەنجەر و حەلبوسی بانگکران بۆ تورکیا و ئامۆژگاری کران و نێردرانەوە، واتە بڕیار لەدەرەوە دەدرێت، هەمووی لەم وڵاتەدا بە وەکالەت ئیش دەکات.
لەبارەی كاندیدكردنەوەی كازمییەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وتی: کازمی دەیویست جارێکی تر ببێتەوە سەرۆک وەزیران، ڕەنگە سەدریش وەکو یەکێک لە کاندیدەکانی داینابێت، بۆیە بەئامانج کردنی دوو حاڵەتە، یان ئەوەتا خەز عەلی و جەماعەتەکەی لەپشتەوە بێت، تا بیترسێنن و خۆی کاندید نەکاتەوە، یاخود سیناریۆی کازمی خۆی بوو، چونکە سعات و نێوێک پێش هێرشەکە و بەو نیوە شەوە لەماڵ دەرچووە.
ناوبراو جەختی كردەوە لەوەی، شیعە پۆستی سەرۆک کۆمار ناداتە سونە، چونکە ئەو پۆستە هێزی لایە، گەر بدرێتە سونە، سونە کودەتا دەکات، لەکاتێکدا گەر لای کورد بێت، بێ مەترسی و بێ کێشەیە و ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر ئەو پۆستە لای یەکێتی بووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، لەهەموو حاڵەتێکدا نابێت بەکێشە و یەکێتی و پارتی لەسەری ڕێکدەکەون، ڕەنگە ناو یەکێتیش چەند کاندیدێک هەبێت بۆ ئەو پۆستە.
Your Comment