کوردپرێس:
دادگایێکی تورکیا بەتۆمەتی ساختەکردنی ڕاپۆرتی پزیشکی، سزای دوو ساڵو نیو زیندانیکردنی بەسەر باشاک دەمیرتاشی هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی "هەدەپە"دا سەپاند.
ڕۆژنامەی "جمهورییەت"ی تورکی لەزاری پارێزەرانی باشاک دەمیرتاشی (44) ساڵهوه گواستویەتیەوە کە لەبەیاننامەیێکدا وتوویانە، دادگا ئەو بڕیارەی بەهۆی بونی بەروارێکی ناڕاست لەڕاپۆرتێکی پزیشکیی دەرکردوە کە لەساڵی 2015 لەشارى ئامهدى کوردستانی تورکیا دەرچووە.
ناچۆ سانشیس ئامور بڕیاردەری پەڕلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا لەتویتێكدا نوسیویهتى:"ئەو حوکمەی دەرحەق بەهاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش دراوە پێدەچێت بەپاڵنەری سیاسیی دەرکرابێت".
دەشڵێت:"زیندانیکردن بۆماوەی دوو ساڵو نیو بەهۆی هەڵەیەکی نوسین لەڕاپۆرتێکی پزیشکیی بابەتێکی قێزەونەو بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ لۆژیکدا نایەتەوە".
ڕۆژنامەی جمهورییەتیش ئاماژەی بەوەکردوە، تاوەکو کاتی تانەدانی لەبڕیاری دادگا، باشاک دەمیرتاش بەئازادکراوی دەمێنێتەوە.
تیمی پارێزەرانی هاوسەری دەمیرتاش دەڵێن، "هەڵەیەک لەتۆمارەکاندا ڕویداوە کە دەکرێت لەڕێگای بەدواداچون بۆ تۆماری سەردانیکردنی ناوەندی چاودێریی تەندروستیی شارەکە ڕاستبکرێتەوە".
Your Comment