نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە تاران: ئێران داوای لە کورد کردووە نەکەوێتە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە بە شیعە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند، پەیامی ئێران لە رێگەی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ کوردەکان ئەوە بوو کە کورد نەکەوێتە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە بە شیعە.

کوردپرێس:

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "ئەم رۆڵەی ئێستا ئێران لە عێراق دەیگێڕێت نە تازەیە و نەکۆنە، بەشێوەیێکی گشتی ئێران لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەمن و ئاسایشی عێراقی بە ئەندازەی ئەمن و ئاسایشی خۆی پێ گرنگە.

لەبارەی سەردانەکەی سەردار ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ عێراق ئاماژەی بەوەش دا، ئەو سەردانە لەم کاتەدا بۆ عێراق سەردانێکی گرنگ بوو، چوونکە ھەوڵدان بۆ کوشتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەک لە بەرژەوەندیی ئێران نیە، بەڵکوو لەبەرژەوەندیی ھیچ کەس نیە.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە تاران ئەوەشی خستە ڕوو، جگە لەوەی سەردانی اماژەپێکراو بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە بووە لە عێراق پاش ھەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

نازم دەباغ وتیشی، پەیامێکی دیکەی ئێران ئەوەبووە "دەبێت لایەنە عێراقییەکان بەم ئەنجامەی ھەڵبژاردنەکان رازی ببن".

لەبارەی دەنگۆی سەردانیکردنی سەردار ئیسماعیل قائانی بۆ ھەرێمی کوردستان، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، ئەو پێی وایە ھەمیشە قائانی کە چۆتە عێراق دەرفەتی ھەبووبێت سەردانی ھەرێمی کوردستانیشی کردووە، ئەمەش وەک واتای ئەوەی کوردیش بە ئەندازەی ئەو لایەنە شیعەی ئێران دەیبنیێت لە بەغداد بۆ ئێران گرنگە، بۆ پارسەنگی سیاسەت لە عێراق، پەیامی ئێرانیش بۆ کورد ئەوەیە کە کورد نەکەوێتە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە بەشیعە، کە شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا رێکبکەون ئەوکات کوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بکات کە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عێراق بکات.

News Code 4051

Your Comment

You are replying to: .
captcha