لە دیداری نێوان ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی و کونسوڵی ئێران لە سلێمانی جەخت کرایە سەر زەروورەتی ئارامی لە عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێشوازیی لە کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی کرد و بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

کوردپرێس:

پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 11-11-2021، سەلاحەدین محەممەد بەھائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پێشوازیی لە مەهدی شوشتەری، کۆنسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی كرد.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری یەکگرتوو، کۆنسوڵی ئێران پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەکەیی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو و سەركردایەتیی ئەو حیزبە كردووە. سەلاحەدین بەهائەدینیش دید و بۆچوونی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی لە بەرانبەر چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكان و ئاییندەی عێراق و ناوچەكە روونكردووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو تیشكی خستووەتە سەر ئەو رووداو و پێشهاتانەی كە روو لە عێراق دەكەن، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەكان و لە هەمان كاتیشدا باس لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئارامیی عێراق كراوە "كە پێویستە كۆماری ئیسلامیی هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە بخاتەگەڕ، چوونكە ئاڵۆزی و نەبوونی ئارامی لە عێراق، گەلانی عێراق و ناوچەكەش تووشی گرفت دەكات".

هەردوولاش نیگەرانیی خۆیان لە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو لە عێراق، بەتایبەت ئەو رووداوەی كە بەرامبەر سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجامدرا، دەربڕیوە و بە "پێشهاتێكی مەترسیدار باس كرا، كە زیانی گەورە بە یەکڕیزیی هێزە عێراقییەكان دەگەیێنێت"، هەروەها جەختیشیان لەوە کردووەتەوە كە پێویستە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە "بۆ رێگریكردن لەو هەوڵە مەترسیدارانە".

News Code 4047

Your Comment

You are replying to: .
captcha