بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی لەبارەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا و بێڵاڕووس بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ماوەیەکە کێشەی کۆچبەرانی سەر سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس بووەتە باسی هەندێک رێکخراو و میدیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و چەند لایەنێک هەوڵ دەدەن وەک کارتێکی گوشار بەکاریبهێنن گوایە بارودۆخی گوزەرانی هاونیشتیمانیانی هەرێم هۆکاری کۆچ کردنی ئەو کەسانەیە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک کۆچبەر کە بەشێکیان هاونیشتیمانیانی هەرێمن لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا کۆبوونەوە و بە لێشاو هەوڵی چوونە نێو خاکی پۆڵەندایان دا".
دیندار زێباری دەڵێت: کێشەی کۆچبەران بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ئاڕاستەیەکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە و وڵاتان وەک کارتێکی گوشاری سیاسی دژی یەکتری بەکاری دەهێنن، ماوەیەکە پەیوەندییەکان نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و هەندێک وڵاتی ناوچەکە روو لە گرژیە، بۆیە کەیسی کۆچبەرانیان وەک کارتێک دژی یەکتر بەکارهێناوە."
دیندار زێباری لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک دژی بە قاچاخبردنی هاووڵاتیانە بۆ دەرەوە".
بە گوتەی زێباری پرۆسەکە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. کۆچبەران لە رێگای وڵاتانی دراوسێوە بە ڤیزای گەشتیاری یان بە هەر شێوەکی دیکە روو لە وڵاتانی ئەورووپا دەکەن، بەداخەوە پرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەکرێت، بۆیە دەبینین بە چەند کاروانێک هەزاران کەس کۆ دەکرێنەوە و ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکرێت تا دەگەنە سنووری وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، بەشێکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان و عێراقن، بەڵام خاوەن رەگەزنامەی وڵاتانی تریشیان لەگەڵدایە، لەمدواییەدا میدیاکانی پۆڵەندا رایانگەیاندووە کە لە چەند رۆژی رابردوو دوو کاروانی زۆری کۆچبەران، کە ئەفریقیایی و ئەورووپی بوون لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە پەڕینەوە".
دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رەوشی کۆچبەران لە سنووری وڵاتانی بیلاڕووس و پۆڵەندا گوتی: "بەپێی بەدواداچوونەکانمان لە چەند رۆژی رابردوو نزیکەی 3 بۆ 4 هەزار کۆچبەر بە هەموو نەتەوە جیاوازەکانەوە لە نزیک سنووری پۆلەندا هەوڵی پەڕینەوەیان داوە، لەوانە بەشێکیان هەڵگری ناسنامەی عێراقین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە دژی هەر هەنگاوێکە کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئەو کۆچبەرانە، بەپێی رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێویستە پۆڵەند و بێلاڕووس پابەند بن بە پرەنسیپەکانی جاڕنامەی جێهانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی کۆچبەران و پاراستنی ژیانیان، ئێستا بە هۆی سەرما و سۆڵەوە کۆچبەران لە دۆخێکی مرۆیی سەخت و دژواردا دەژین و پێویستییان بە یارمەتییە".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لایەن و رێکخراو هەوڵ دەدەن وا نیشان بدەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە مەینەتی کۆچبەرانی سەر سنووری پۆڵەند و بێلاڕووس و لەم بارەوە گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان رووبەرووی دۆخێکی ئابووری سەخت بووەتەوە بە هۆی پێشوازی کردنی لە نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەر و ئاوارە کە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان لە هەرێم ماونەتەوە لەوانە 689 هەزار و 903 ئاوارەی ناوخۆیی کە بەشێکی زۆریان دانیشتووی ناوچە کێشەلەسەرەکانن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان بەهۆی ناسەقامگیری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئەم دۆخە جۆرێک لە نائومێدی لە دەروونی هاووڵاتیان دروستکردووە لەم ناوچانە، بۆیە بەشێکی زۆری پێکهاتەکان ئەو ناوچانە روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە."
دیندار زێباری لەکۆتایی راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت: "كۆچ كردن دياردەیەكى جيهانييه و تەنيا تايبەت نييه به كوردستان. ئێستا لە کوردستان مافەکانی هاووڵاتیان بەپێی یاسا پارێزراوە و لەم دواییەدا حکوومەتی هەرێم پلانی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسند کردووە و پاڵپشتی تەواوی جێبەجێ کردنیەتی، ئەم پلانە گشتگیرە و هەموو جومگەکانی دەسەڵات و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان بەشدارن لە جێبەجێ کردنیدا بە مەبەستی پەرەپێدانی بنەماکانی شەفافیەت، رۆڵی یاسا و حوکمڕانی باش".
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
Your Comment