بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا وتى: "لە نامەیەکدا مەزڵوم عەبدی پشتیوانی ئێمەی بۆ گەلی عێراق دووپاتکردەوە بە تایبەتی لە شەڕی دژ بەداعش. ئێمە هیوادارین ئەو کەسانەی کە دەستیان هەبووە لە هێرش کردنە سەر کازمی لە کاتێکی نزیک لەلایەن هێزە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراقەوە بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن".
بەرپرسەکەی هەسەدە وتیشى: "لە ئەنجامی هاوکاریی نێوان هێزەکانمان و سوپای عێراق بەتایبەتی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەرماندەیی هەسەدە و سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمە پەیامی پشتگیرییە. لە ئەنجامی ئەو هاوکاریانە سنووری نێوان عێراق و سووریا پارێزراوە".
هەسەدە جەختدەکاتەوە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش، پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەسەدە بەهێزە بوون، شامی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە دەشڵێت "لە ئەنجامدا ئێمە زۆر دەسکەوتمان پێکەوە بەدەستهێناوە".
Your Comment