مەسروور بارزانی: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین رۆڵی کارای خۆی بگێڕێت لە گەیشتن بە رێککەوتن بە پێی دەستوور

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە دیداری نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، مەسروور بارزانی داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد ڕۆڵی کارای خۆی بگێڕێت بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا.

کوردپرێس:

ڕۆژی یەکشەممە 2020/12/20 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جینین هێنیس- پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان کرا.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ بیانوویێکی بۆ حکوومەتی بەغدا نەهێشتووەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور.

مەسروور بارزانی گوتیشی بەداخەوە بابەتی مووچە کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستان، کە لە مساڵدا بەغدا تەنیا بەشە مووچەی شەش مانگی ناردووە. بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە رۆڵی کارای خۆی بگێڕێت لە گەیشتن بە رێککەوتن و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال کرایەوە، لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ دەڤەرەکە. سەرۆکی حکومەت داوای کرد، رێککەوتننامەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، نەك تەنیا ئەنجامدانی هەندێك رێکاری رووکەش بێت.

News Code 403

Your Comment

You are replying to: .
captcha