بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمال کۆچەر ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ساڵانەی داهاتی وڵات دوو حاڵەتی هەیە یان بودجە پەسەند دەکرێت و بەپێی بودجەی ساڵەکە داهات دابەش دەکرێت بۆ سەرجەم كەرتەكان، یان بودجە نابێت و ئەو داهاتەی هەیە بە یەک لەسەر 12 دابەشدەکرێت واتە کۆی داهات دابەش دەکرێت بەسەر 12 مانگەکەدا و لەو حاڵەتەشدا تەنها بودجەی بەگەڕخستن هەیە.
جەمال کۆچەر سەبارەت بە بەردەوامی یاخود ڕاگرتنی ناردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە کە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و بەپێی ڕێککەوتنەکە لە دوای مانگی 12ـەوە ڕادەگیرێت، وتی بەبڕوای من ناردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت تا کاتێک حکوومەتی نوێ پێکدەهێنرێت و بودجەی 2022 پەسەند دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، لەدوای پێکهێنانی حکوومەت و پەسەند کردنی بودجەش، دەبێت جارێکی دیکە ڕێککەوتن بکرێت لەنێوان هەرێم و بەغداد لەوبارەیەوە، ئەوکاتە یان بەهەمانشێوەی ئێستا دەمێنێتەوە یان کەم و زیاد دەکرێت، شێوازێکی نوێی بۆ دیاریدەکرێت و لەسەری ڕێکدەکەون.
Your Comment