بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد مەزڵووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نامەیەکی دەستنووسدا ئیدانەی هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و دەشڵێت: هیوادارین بەزووترین کات، ئەنجامدەرانی بکەرانی ئەو کردەوەیە ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
مەزڵووم کۆبانی، لە نامەکەیدا جەختی کردۆتەوە کە کردنە ئامانجی کازمی، کردنە ئامانجی بەها دیموکراتییەکان و سەقامگیری و ئاسایشە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە نامەکەیدا بۆ کازمی ئاماژەی بەوەش داوە کە: "هەستمان بە ئاسوودەیی کرد کە بیستمان لە هیچ زیانێکتان بەرنەکەوتووە، هیوادارین دەزگا ئەمنییەکانتان بتوانن بە زووترین کات ناسنامەی بکەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دادپەروەرییان بکەنەوە."
مەزڵووم کۆبانی دووپاتیشی کردۆتەوە کە بەردەوام دەبن لە وەستان هاوشانی گەل و حکوومەتی عێراق لە شەڕی هاوبەشیاندا دژ بە تیرۆر.
Your Comment