کاتژمێر 8 و 7 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 25-11-2018، بەرانبەر بە 4ی سەرماوەزی 1397ی هەتاوی بوومەلەرزەیێک لە شاری سەرپێڵ زەهاوی کرماشان بە گوڕی 6.4 بەپێی پلەی ڕیختەر لە قووڵاییی 5 کیلۆمەتریی زەویدا ڕووی دا.
چەقی بوومەلەرزەکە لە مەودای 17 کیلۆمەتریی سەرپێڵ زەهاوی سەر بە کرماشان ڕووی دا بەڵام لە باکوورەوە تا ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لە باشووریشەوە تا بەغدا و کوەیتیش هەستی پێکراوە.
بریندار و بینای ڕووخاو هەن بەڵام کەس گیانی لەدەست نەداوە
هووشەنگ بازوەند پارێزگاری کرماشان لە دوایین لێدوانیدا ڕایگەیاند بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردووی سەرپێڵ زەهاو ماڵ و بینای ڕووخاوی لێکەوتۆتەوە و زیاتر لە 700 برینداریش سەردانی ناوەندەکانی فریاکەوتنیان کردووە بەڵام تا ئەم کاتە ڕاپۆرتی فەرمی لەبارەی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانەوە بەدەستمان نەگەشتووە.
تیمەکانی فریاکەوتنی نێردراون
بەپێی ڕاگەیێندراوی کۆمەڵەی مانگی سوور و فەرماندەی ناوەندی فریاکەوتنی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تیمەکانی فریاکەوتن دەستبەجی پاش ڕووداوەکە نێردراونەتە ناوچەکە و خزمەتگوزاری و فریاکەوتن و دابەشکردنی ئاو بە سەر خەڵکی لێقۆماودا دەستی پێکردووە.
فەرماندەی ئەرتەش ڕایگەیاندووە جگە لە لیوایێکی ئەرتەش کە بۆ پێدانی خزمەتگوزاری نێردراونەتە ناوچەکە، نەخۆشخانەی سەحرایی و تیمی پزیشکیی ئەرتەشیش لە ناوچەکە جێگیر کراون.
ژمارەی برینداران گەشتە زیاتر لە 700 کەس
وتەبێژی گشتیی تیمی فریاکەوتن لە دوایین لێدوانیدا ڕایگەیاند تا ئەم کاتە 520 کەس بە هۆی بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەمەوە گەیێندراونەتە ناوەندەکانی فریاکەوتن و لەو ژمارەیەش 32 کەسیان نێردراونەتە نەخۆشخانەکانی شارەکانی تر باقی برینداران چارەسەری خێرایان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە ماڵە خۆیان.
قوتابخانە و زانکۆکانی کرماشان و ئیلام پشوو دران
بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەمەوە هەردوو ئیدارەی پارێزگاریی کرماشان و ئیلام ڕایانگەیاند سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی ئەو دوو پارێزگایە لە ڕۆژی دووشەمە 5ی سەرماوەز پشوو دەدرێن.
چەندین پاش لەرزە ڕووی داوە
پاش بوومەلەرزە بەهێزەکەی شەوی یەکشەمە لە سەرپێڵ زەهاو و ناوچەکانی دەوروبەری چەندی پاش لەرزە ڕوویان داوە کە کەمترینان 2.5 و بەگوڕترینیان 5.1 بەپێی پلەی ڕیختەر بووە.
وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی ئامادەباشی دەردەکات
پاش ڕوودانی بوومەلەرزەکەی سەرپێڵ زەهاو، ڕەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی ئێران لە فەرمانێکی خێرادا نامەیێکی بۆ بەڕێوەبەری ناوەندی قەیران نووسی و ئامادەباشیی بۆ هەموو دامودەزگا پێوەندیدارەکان ڕاگەیاند.
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەممە بە یەکێک لە بوومەلەرزە بەهێزەکان هەژمار دەکات.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەگوێرەی وێستەگاکانی بوومەلەرزە، کە لە هەرێمی کوردستان بوومەلەرزەکە تۆمار کراوە 6.5 پلە بووە بە پێوەری رێختەر کە بەیەکێک لە بوومەلەرزە بەهێزەکان هەژماردەکرێت. چەقی بوومەلەرزەکەش ڕۆژئاوای ئێران بووە، واتە تەنیا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان شەپۆلی بوومەلەرزەکەی بۆ هاتووە و هەستی پێکراوە".
لە هەرێمی کوردستان بووومەلەرزەکە، شارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە و دەڤەری گەرمیان و راپەڕین و چەند شوێنێكی دیکەی گرتووەتەوە.
ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران رایگەیاند، چەقی بوومەلەرزەکە شاری سەرپێڵ زەهاو لە پارێزگای کرماشان بووە و لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەهواز، ئیسفەهان و رەشت لە ئێران هەستی پێکراوە و بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک.
Your Comment