مسته‌فا بالی: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌کیی سووریایه‌

به‌شی جیهان- وته‌بێژی هێزی سووریای دیموکراتیک ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ هێزی کورد- عه‌ره‌بی سووریا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش به‌ یه‌که‌مایه‌تیی سه‌ره‌کیی خۆی داده‌نێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێرشی دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ری هێزه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر بنکه‌ی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ شه‌ڕی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ داعش له‌ ڕووباری فوراتی دواخست. پاش چوونی ئه‌مه‌ریکا و داواکردن له‌ تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرش و ئه‌نجام‌دانی ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی هێزه‌ کوردییه‌کان و ئه‌مریکا وه‌ستانی هێرشه‌کانی تورکیای لێکه‌وته‌وه‌ و هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریاش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌ی هه‌جینیان ده‌ست پێکرده‌وه‌. سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی کوردنشینی عه‌فرین، ئۆپه‌راسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ ڕه‌قه‌یان ڕاگرتبوو.

مسته‌فا بالی وته‌بێژی هێزی سووریای دیموکراتیک به‌ ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی ئه‌ی کوردی ئه‌ورووپای وتوووه‌: یه‌که‌مایه‌تی و ئه‌رکی سه‌ره‌کیی هێزه‌کانی سووریای دیموکراتیک به‌ سه‌رکردایه‌تیی کورد یان هه‌سه‌ده‌ (SDF) به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشه.

ناوبراو گوتیشی: ئامانجێکی هێزی سووریای دیموکراتیک پاراستنی سنووری تورکیا له‌گه‌ڵ سووریا و ڕێگری له‌ هاتوچۆی هێزه‌کانی سه‌ر به‌ گرووپی ئه‌لقاعیده‌ و داعشه‌ به‌ڵام تورکیا هێزه‌ کوردییه‌کان به‌ هه‌ڕه‌شه‌یێک بۆ سه‌ر ئاسایشی خۆی ده‌زانێت و ئه‌وان گوله‌باران ده‌کات له‌ حاڵێکدا که‌ ته‌نانه‌ت یه‌ک گوله‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ کوردییه‌کان یان هێزی سووریای دیموکراتیکه‌وه‌ به‌ره‌و تورکیا نه‌ته‌قێندراوه‌.

مسته‌فا بالی جه‌ختی کرده‌وه‌: ته‌نها کارێک که‌ ئێستا کورد له‌باره‌ی هێرشی تورکیا ئه‌نجامی ده‌دات ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی ڕۆژئاوا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاگرتنی هێرشه‌کانی تورکیا و کوردیش له‌سه‌ر یه‌که‌مایه‌تیی سه‌ره‌کیی خۆی ته‌رکیزی کردوووه‌ که‌ هه‌مان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشه‌.

وته‌بێژی SDF ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا له‌گه‌ڵ هێزی ئه‌مریکا له‌ سنووری سووریا- تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشه تۆپخانه‌یییه‌کانی تورکیا به‌ کاریگه‌ر وه‌سف ده‌کات به‌ڵام جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ که‌ بۆ ڕاگرتنی به‌ ته‌واوه‌تی هێرشه‌کان ده‌بێ هه‌میشه‌ ئه‌و ده‌ورییانه‌ ئه‌نجام بدرێت.

مسته‌فا بالی له‌باره‌ی دانووستانی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا گوتیشی: هێزی سووریای دیموکرات ناتوانن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا دانووستان بکه‌ن و ئه‌و بابه‌ته‌ش له‌لایه‌ن لقی سیاسییه‌وه‌ واتا ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات ئه‌نجام ده‌درێت.

ناوبراو جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی چالاکی هێزی سووریای دیموکرات له‌ داهاتوودا ده‌کاته‌وه‌ و ده‌شڵێت: هێزی سووریای دیموکرات ده‌یه‌وێت ده‌وری کارای هه‌بێت بۆ دروست‌کردنی داهاتوویێکی باشتر بۆ خه‌ڵکی سووریا و ئاماده‌یه‌ به‌شێک له‌ ڕێچاره‌کان له‌و وڵاته‌ بێت که‌ ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ئیتیفاق ده‌که‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39777

Your Comment

You are replying to: .
captcha