سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش: كراومه‌ته‌ بارمته‌ی سیاسی

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ زیندانی كردنی هیچ په‌یوه‌ندییێكی به ‌پرۆسه‌ی یاسایییه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكوو پرسێكی سیاسییه‌ و ده‌شڵێت: "من كراومه‌ته‌ بارمته‌ی سیاسی."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووهه‌می 2018 دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌ورووپا به‌كۆی ده‌نگ داوای ئازادكردنی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاشی‌ له‌ توركیا كرد و به ‌نووسراوێكی فه‌رمیش داواكارییه‌كه‌یان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌و وڵاته‌ كرد به‌ڵام سه‌رۆک كۆماری توركیا ئه‌و بڕیاره‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌.

ڕۆژی چوارشه‌ممه 21ی تشرینی دووهه‌می 2018‌ سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش له‌ ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌كانییه‌وه‌ ڕاگه‌یێندراوێكی نووسراوی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: "به‌م بڕیاره‌ی دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌ورووپا به‌ شێوه‌یێكی فه‌رمی تۆمار كراوه که‌‌ كراومه‌ته‌ بارمته‌ی سیاسی. هه‌ڵمه‌تی زیندانی كردنی ئه‌ندامانی هه‌ده‌په‌ به ‌هیچ شێوه‌یێک په‌یوه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی یاسایییه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ پرسێكی سیاسییه‌ و به‌ بڕیارێكی سیاسی دژایه‌تیمان ده‌كرێت به‌وه‌ش ژێرخانی دادگا و دادی ئه‌و وڵاته‌ به ‌ته‌واوی په‌كخراوبوون."

ده‌میرتاش ده‌شڵێت: "بڕیاره‌كه‌ی دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌ورووپا ده‌یسه‌لمێنێت نه‌ک ته‌نیا ته‌واوی دادگاكانی توركیا به‌ڵكوو دادگای باڵای ده‌ستووری توركیاش پێشێلكاری زه‌قی له‌ دژی ئێمه‌ كردوووه‌. به‌وه‌ش هه‌ژموونی سیاسی به‌ سه‌ر دادگا و دادوه‌ری بوووه‌ته‌ مه‌ترسییێک و هه‌ڕه‌شه‌یێكی ڕاسته‌وخۆ دژ به‌ دیموكراسی و داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌."

له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌دا ده‌میرتاش جه‌خت ده‌كاته‌وه:‌ "به‌داخه‌وه‌ سه‌رۆككۆمار كه‌ هاوكات سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكاریشه‌، چه‌ندین جار ڕاشكاوانه‌ سه‌رباری بڕیاری دادگاكان گوتوویه‌تی كه‌ نه‌ یاسا نه‌ ده‌ستوور ناناسێت. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌ورووپا ئاماژه‌یێكی مه‌ترسیداره‌ نه‌ک بۆ من به‌ڵكوو بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا و دیموكراسییه‌تی ئه‌م وڵاته‌."

له‌ کۆتاییدا هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ ده‌ڵێت: "ماوه‌ی دوو ساڵه‌ به ‌بێ ئه‌وه‌ی تۆمه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ هه‌بێت درێژه‌ به ‌زیندانكردنم ده‌درێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌موو كاتێک باوه‌ڕم به‌ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و ئاشتی ده‌بێت. هیوا و ئاواتم به ‌گه‌ل هه‌یه‌."

هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌ جه‌هه‌په‌ پشتیوانی له‌ ئازادکردنی ده‌میرتاش ده‌کات و که‌مال قڵیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی گشتیی پارتی کۆماریخوازی گه‌ل (جه‌هه‌په‌) ڕای‌گه‌یاند: "پێویسته‌ پابه‌ند بین به‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا به‌ڵام خۆزگه‌ دادگای ده‌ستوور ئه‌و بڕیاره‌ی بدایه‌."

قڵیچدارئۆغڵۆ ڕه‌خنه‌ی له‌ گوته‌کانی ئه‌ردۆغان گرت که‌ ڕایگه‌یاندبوو پابه‌ند نابن به‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای ئه‌ورووپا له‌باره‌ی ده‌میرتاش و گوتیشی: "ئه‌وان ڕێز له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌گرن و ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت وا پیشان بده‌ن که‌ ڕێز له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌گرن پێویسته‌ پابه‌ند بن به‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا."

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39769

Your Comment

You are replying to: .
captcha