کوردپرێس: به گوێرهی ههواڵێكی وێبسایتی فهرمیی بارزانی، ئهمڕۆ چوارشەممە لە سهڵاحەددین مەسعوود بارزانی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خوولی پێنجەمی پارلەمانی كوردستان كۆ بووەوە لە کۆبوونەوەکەدا رۆشنایی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق له قۆناغی دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی دواتر و هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارلەمانی كوردستان.
لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆکی پارتی دیموکرات جەختی لەوە كردەوە كە بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەستی پارتی كراوە دەكات لەوەی كار بۆ كوردستانێكی بەهێز و گۆڕانكاریی بنەڕەتی بكات.
مەسعوود بارزانی داوایشی لە پەرلەمانتاران كرد كە داواكاریی خەڵک بە هەند وەربگیرێت و لە ئێش و ئازاری خەڵک بگەن و ئەندام پارلەمانەكانی پارتی خۆیان لە هەر جۆرە موزایەدە كردنێک بە دوور بگرن و لەو پەڕی تەوازوعەوە ئامانجی سەرەكیان كاركردن بێت بۆ چارەكردنی گرفتەكانی خەڵک.
لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بارزانی هیوای خواست كە نیازپاكیی تەواو هەبێت لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەمەڕ پابەندبوون بە هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و تەوافوق لە یاسادانان و تەوازون لە دامودەزگەی حكوومی.
لەبارەی كەركووک و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش مەسعوود بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو بارودۆخە و سەپاندنی ئەو واقیعە سەربازییەی ئێستا لەو ناوچانە هەیە پێویستە كۆتایی بێت و بەردەوام بوونی قابیلی قبووڵ نییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment