حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ: بازرگانیمان له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی شاندێكی بازرگانیی ئێران به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌سه‌ن دانایی‌فه‌ڕ لێپرسراوی ئابووری ئێران- عێراق و ڕاوێژكاری ئابووری جێگری سه‌رۆک كۆماری ئێران له‌گه‌ڵ شاندێكی ژووری بازرگانیی سلێمانی وتی: "ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێم چالاكه‌و سزاكانی ئه‌مریكا، عیراق و هه‌رێم ناگرێته‌وه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سه‌ن دانایی‌فه‌ڕ ڕاوێژكاری ئابووری جێگری سه‌رۆک كۆماری ئێران و لێپرسراوی ئابووری ئێران- عیراق له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا له‌ شاری سلێمانی له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مریكا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و عێراق وتی: "په‌یوه‌ندیی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی په‌یوه‌نديیێكی مێژووییيه‌ و هیچ سزا و هه‌ڕه‌شه‌یێک نابێته‌ مایه‌ی تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان و بازرگانیمان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له‌ داهاتوودا زیاتر په‌ره‌ی پێده‌درێت".

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ یاسین مه‌حموود وته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ وتی: "به‌ ئاماده‌بوونی بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانی شاری سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌هۆی ئابڵوقه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران گفتوگۆ كراوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ‌داهاتووشدا چه‌ندین گرفتی دیكه‌ دروست ببێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ یادداشتێكدا 37 خاڵی گرنگمان خسته‌ به‌رده‌ستیان".

وته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان وتیشی: "خاڵه‌ سنووریيه‌كان و كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ندێ كاڵا و بریكارنامه‌ی بازرگانانمان له‌ كارگه‌ و كه‌ره‌سته‌ ئێرانیيه‌كان یه‌كێک بوو له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه به‌و پێیه‌ی هه‌رێم به‌كارهێنه‌ری 70% بۆ 80%ی كه‌ره‌سته‌ی ئه‌و وڵاته‌یه ‌و ده‌بێت پێشوه‌خت ئاماده‌كاری بۆ بكرێت.

له‌باره‌ی ده‌ستكه‌وتی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ یاسین مه‌حموود وتی: "به‌رده‌وام بوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فراوان كردنی هاتوچۆ و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانیيه‌كان و كه‌رتی تایبه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی گواستنه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد که‌ له ‌ئێستادا بازرگانانی ئێران داوامان لێده‌كه‌ن پاره‌ی شتومه‌ک و كه‌ره‌سته‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ دانێین كه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌ی بۆ بازرگانانی هه‌رێم دروست كردوووه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڵێن دراوه‌ به‌ زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت.

سیروان محه‌ممه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی له‌ پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا پابه‌ندبوونی بازرگانانی به‌ بڕیاره‌كان دووپات كرده‌وه ‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌وان له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان و بارودۆخی هه‌رێم به‌گشتی و شاری سلێمانیان پێ ڕاگه‌یاندوون كه‌ ده‌بێت هه‌رێم له‌ مه‌ترسییه‌كان دوور بخرێنه‌وه‌.

سیروان محه‌ممه‌د سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی بازرگانی له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان وتی: "ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمین هه‌ر بڕیارێک له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ بدرێت پابه‌ندی ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ش داوامان كردوووه‌ كه‌ ڕێگه‌ بدرێت به‌ بازرگانانی ئیران له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و كارگه‌كانیان له‌ هه‌رێم به‌گه‌ڕ بخه‌ن".

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39744

Your Comment

You are replying to: .
captcha