٢٠ تشرینی دووەم ٢٠١٨ - ١١:١٩
7 ئه‌ندامی خێزانێک له‌ چه‌مچه‌ماڵ خنكان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ده‌ڵێت: له‌ گه‌ڕه‌کی ئازادی شارۆچکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به‌هۆی شۆرتی کاره‌باوه‌ 7 ئه‌ندامی خێزانێک گیانیان له‌ده‌ست دا و پۆلیسی قه‌زاكه‌ش سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌مید عادل ساڵح به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: "كاتژمێر 10:00ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووهه‌می 2018 ئاگادار كراینه‌وه‌ و ده‌ستبه‌جێ تیمه‌كانی پۆلیسی به‌ڵگه‌ و تاوان و پۆلیسی فریاكه‌وتن چوونه‌ شوێنی ڕووداوه‌که‌ و بینییان 7 ئه‌ندامی خێزانێکی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا گیانیان له‌ده‌ست داوه که‌ چواریان منداڵن و سیانیان گه‌وره‌ن."

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ له‌باره‌ی هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانیان جه‌ختی کرده‌وه‌: "ئێستا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دان به‌ڵام ڕووداوه‌كه‌ كوشتن نییه‌ و به‌ دووكه‌ڵی ئاگر خنكاون".

هه‌ر له‌وباره‌شه‌وه‌ ئه‌یووب حه‌مه‌ غه‌ریب جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵ له‌باره‌ی هۆکاری ڕووداوه‌که‌وه‌ گوتی: به‌هۆی شۆرتی کاره‌باوه ماڵی‌ 7 ئه‌ندامی خێزانێکی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب ئاگری گرتوووه‌ و پاشان ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌ به‌هۆی دووکه‌ڵه‌وه‌ تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی بوون و خنکاون و ڕێژه‌ی سووتاوییه‌که‌یان که‌م بوووه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39716

Your Comment

You are replying to: .
captcha