جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەخنە لە دەستاودەست کردنی ئەورووپا دەگرێت

بەشی ئێران/ کوردی- سەید عەباس عێراقچی ڕەخنە لە ئەورووپا دەگرێت و دەڵێت ئەورووپا دەستاودەست دەکات و نەیتوانیوە یان نەیویستووە کار بکات بۆ تۆمارکردن و چەسپاندنی "SPV".

کوردپرێس:

سەید عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک بۆتە ساحەی ململانێی نێوان ئەورووپا و ئەمریکا و تا ئەم کاتە نەبینراوە کە ئەورووپا و ئەمریکا تا ئەو ڕادەیە گرفتەکانیان قووڵ ببێتەوە. هەندێک کەس ئەم بابەتە بە نمایشتی سیاسی دەزانن ئەگەرچی بۆنی نمایشی سیاسیی لێدێت بەڵام ناکرێت ئەوەندەش ڕەوتەکە بە ئاسایی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی زیاد کرد: دانووستانی ئەتۆمی لە سەرەتای هەشتاکاندا لە نێوان ئێران و سێ وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەستی پێکرد و ئەو کاتەی قەیرانی ئەتۆمیی ئێران دەستی پێکرد و پاشا ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەفغانستان لایەنی ئەورووپی بەو ئیدعایەوە کە نەبا شەڕێکی نوێ سەرهەڵبدات هاتنە نێو پڕۆسەی دانووستانەوە.

عێراقچی گوتیشی پێش ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکشێتەوە ئەورووپییەکان زۆر ملیان بە ڕێککەوتنەکە نەدەدا بەڵام پاش کشانەوەی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی بەرانبەر بڕیارەکەی ترەمپ وەستان و پێداگرییان کرد لە سەر زەروورەتی پاراستنی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک. بەڵام ترەمپ بڕوای وابوو لەو ڕێککەوتنەدا ئیمتیازی زۆر بە ئێران دراوە و لە بەرانبەردا ئەمریکا ئیمتیازی وەرنەگرتووە. بۆیە سەرەڕای ئەوەی 13 ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئێران کار بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ناکات دیسان دەوڵەتی ترەمپ بڕیاری دا بە کشانەوە لەو ڕێککەوتنە چەند قۆڵییە نێودەوڵەتییە.

یەکێتیی ئەورووپا تا ئەم کاتەش یان نەیتوانیوە یان نەیویستووە ئامادەکاری بۆ تۆمارکردن و چەسپاندنی "SPV" بکات. ئێران پاش کشانەوەی ئەمریکا ماوەی چەند حەفتەی بۆ یەکێتیی ئەورووپا دانا کە بیسەلمێنن پێبەندن بە ڕێککەوتنی بەرجام و بەرژەوەندیی ئێران دابین دەکەن. بەڵام گوشاری ئەمریکا یەکجار زۆرە و ئەو وڵاتانە تا ئەم کاتە خەریکی دەستاودەست کردنن و ماوەی 6 مانگ ماوەیێکی کەم نەبووە و ئەگەر بڕیار بوو شتێک برکێت دەبوو تا ئەم کاتە بیانکردایە.

ناوبراو زیادی کرد: دۆخەکە هەر وا نابێت و ئێران کاردانەوەی دەبێت. بەڵام ئێستا کاتی نییە. لەبەر ئەوەی ئێستاش ئێران بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی لەوەدایە کە پێبەند بێت بە ڕێککەوتنەکە. بەڵام هەر کات هەست بەوە کرا کە چیتر بەرژەوەندیی لەو ڕێککەوتنەدا نەماوە ئەوا دەکشێتەوە یان ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر.

جیگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 4 کۆ یەک کە ئێستا ماوەتەوە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە ئاسایش و ئەمنییەتی ئەورووپا و ناوچەکە هەیە. ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا بڕوای وایە کە بەبێ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناوچەکە ئارامتر و ئەمنیەتی زیاتر دەبێت فەرموو با تاقیی بکاتەوە.

عێراقچی لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە بەم هەموو کێشە و قەیرانەی لە ناوچەکەدا هەیە پاراستنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە باشترین بژاردەیە و ئەگەر ئەورووپاش لەو قەناعەتەدایە کە پاراستنی ڕێککەوتنەکە کارتێکەر دەبێت لە ئیعتیبار و ئەمنییەتی ئەو وڵاتانە با خاوەنی قسەی خۆیان بن و باجی پاراستنی ڕێککەوتنەکە بدەن.

News Code 39707

Your Comment

You are replying to: .
captcha