عامری بۆ سه‌در: له‌سه‌ر حیسابی نیشتمانی موجامه‌له‌ی هیچ که‌سێک ناکه‌م

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هادی عامری، سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی فه‌تح وه‌ڵامی په‌یامه‌که‌ی ڕابه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "موجامه‌له‌ی هیچ که‌سێک ناکه‌م له‌سه‌ر حیسابی نیشتمانی".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هادی عامری له‌ په‌یامه‌که‌یدا بۆ موقته‌دا سه‌در ده‌ڵێت: "په‌یامه‌که‌تانم له ‌ڕێگه‌ی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشت، ستایشی ڕژدی و گرنگیدانتان ده‌که‌م، له ‌هه‌مانکات دا هیواخوازم به‌ڕێزتان ئه‌و زانیارییانه‌ی لاتانه‌ بۆمان بنێرن تاوه‌کوو به‌ هه‌موو جیدییه‌تێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دادگا به‌دواداچوونی بۆ بکه‌ین".

هادی عامری ده‌شڵێت: "بۆتان دووپات ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ خوێنی خۆم و ڕۆڵه‌ و برا و هاوڕێکانم له‌پێناوی نیشتمان ده‌به‌خشین، له‌ هیچ بارێکدا موجامه‌له‌ی هیچ که‌سێک ناکه‌ین له‌سه‌ر حیسابی نیشتمان، یاخود بێده‌نگ بوون له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییێک ده‌رهه‌ق به‌ نیشتمان بێ خوانه‌خواسته‌، ئێمه‌ له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆمانین، عێراق گه‌وره‌ترین خه‌ممانه‌ و ئامانجمان خزمه‌ت کردنی نیشتمانه‌، دوور له‌ پشک پشکێنه‌ و تائیفییه‌ت".

شایانی باسه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 19ی تشرینی دووهه‌می 2018 موقته‌دا سه‌در په‌یامێکی بۆ هادی عامری نارد و گوتی: "سه‌فقه‌ی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له ‌نێوان هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی فه‌تح و هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانیی بونیادنان (سوننه‌کان) به ‌مه‌به‌ستی کڕینی وه‌زاره‌ته‌کان به‌ پاره‌یێکی زۆر و به ‌پشتیوانیی ده‌ره‌کی. یان به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێککه‌وتووین، یاخود هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کان بۆ خۆتان ببه‌ن و به‌و شێوه‌ی چۆنتان ده‌وێت و له ‌به‌رچاوی گه‌ل، یاخود هه‌وڵی چاکسازی کردن بده‌ین... هه‌روه‌ک به‌ڵێنیشتان دابوو موجامه‌له‌ له‌سه‌ر حیسابی نیشتمان ناکه‌یت. هاوپه‌یمانیم له‌گه‌ڵ تۆ کردوووه‌ نه‌ک گه‌نده‌ڵکار و میلیشیاچییه‌کان، گومان وایه‌ که‌ تۆ له‌سه‌ر په‌یمانه‌که‌ت ماوی بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری و حه‌شدی شه‌عبی یه‌ک ده‌ست بن بۆ ڕزگارکردنی ئه‌وه‌ی ماوه‌ له‌ عێراق و گه‌له‌که‌ی."

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39706

Your Comment

You are replying to: .
captcha