بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا گوتی: "پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت ئاسایی ببێتەوە و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو هەنگاو بە هەنگاو کەش و هەوایێکی ئارامتر لە ئارادایە و ئێستا حکوومەتێکی تازە پێکهاتووە، هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بە هێزەوە لە بەغدا بەشدارن، بۆیە بەپێویستی دەزانین کە بارودۆخەکە هێورتر بکرێتەوە".
سەفین دزەیی گوتیشی: "ئێستا شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدایە بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ و ئەو بڕگە و بابەتانەی کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان، هەندێک بڕگەش هەیە کە گشتگیرە بە هەموو عێراق، پێویستە کە داکۆکی لێ بکرێت و لەو پڕۆژە یاسایە جێگیر بکرێت".
سەفین دزەیی ئاماژەی بە پێشنیازێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کرد دەربارەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا و گوتی: "لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کرد بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی کە نەوتی کەرکووک لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی تورکیا بکرێت، وەکو پێشنیاز و بیرۆکە پێشوازییان لێیکرد، بەڵام لە رووی پڕاکتیکییەوە بەداخەوە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەگەر ئەو پێشنیازە جێبەجێ بکرابوایە تا ئێستا شەش ملیار دۆلار داهاتی دەبوو بۆ عێراق، ئەو پارەیەش دەتواندرا بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سوودی لێ ببیندرێت بەتایبەت دەبینین لە شاری بەسرە چەندین کێشە هەیە، هیوادارین کە پێشنیازەکە قبووڵ بکرێت".
لەبارەی بارودۆخی شنگال و رێگرییەکان لە گەڕانەوەی ئیدارەی قەزاکە لە لایەن هێز و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: "کاتێک کە پڕۆسەی ئازاد کردنی مووسڵ دەستی پێکرد، رێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان هەبوو کە دەبوو جگە لە هێزی عێراقی هیچ هێزێکی دیکە نەچێتە ئەو ناوچانە، بەڵام بەداخەوە لایەنی عێراقی ئەوەیان جێبەجێ نەکرد، ئەوە بوو پەکەکە و ئەوانەی سەر بە پەکەکەن لە ناوچەکە ئامادە بن.
سەفین دزەیی گوتیشی: "ئیدارەی شەرعی شنگال هەڵبژێردراوە کە قایمقام و سەرۆک شارەوانییە و هەموو پێکهاتەکانە، پێویستە بگەڕێنەوە ئەوێ و ئێمە نامانەوێت هیچ گرژییێک دروست بێت، بەڵام هەبوونی ئەو بارودۆخەی لە شنگال هەیە قابیلی قبووڵ نییە، حکوومەتی فیدڕاڵی پێویستە هەنگاو بنێت بە کشانەوەی ئەو هێزانە کە تا رادەیێک چاوپۆشی لێکردووە بە هەبوونیان و هێزی فیدڕاڵی و پۆلیس و پێشمەرگە لەوێ جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی خەڵک بتوانیت بگەڕێتەوە شوێنی خۆیان".
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت کە پەیوەندییەکانیان باشە و ئاماژە بەوەش دەکات چەندین دیدار و کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی هەردوولا هەبووە و گوتی: "پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستی پێکرد و هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە دیووە، بەڵام لەسەر بنەمای دۆستانە و رێزگرتن و ئابووری و وزە و کۆمەڵێک شتی دیکە پەیوەندییەکان لەیەکتریمان نزیک دەکاتەوە، رەنگە دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو دوورکەوتنەوەیێک هەبووبێت، بەڵام چەندین جار هاموشۆ و دیدار هەبووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment