داوای گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی توندی ئه‌منی له‌ هه‌ولێر ده‌کرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌هۆی زیادبوونی دیارده‌ی چه‌كداری و ڕووداوه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێر، لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایه‌ داوای گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن ده‌كات و ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ش داوا ده‌كات له‌ دوای ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كانیان چه‌ک له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وه‌ربگیرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نیار عوزێری ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆ له ‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: دیارده‌ی چه‌كداری له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی داعش ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندوووه‌ و كۆنترۆڵ كردنیشی ئاسان نییه‌ به‌ڵام هه‌ر كاتێک پێویست بكات له‌سه‌ر ڕووداوه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێر ده‌توانین به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر بانگهێشت بكه‌ین.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر داوا ده‌كات حكوومه‌تی هه‌رێم كۆنترۆڵی دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ک بكات و ده‌شڵێت: "ڕێكاره‌كانی ده‌رهێنانی مۆڵه‌تی چه‌ک قورس كراوه‌ و هه‌موو كه‌سێک ناتوانێت به ‌ئاسانی مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه‌ دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ک كۆنترۆڵ بكرێت".

به ‌وته‌ی نیار عوزێری، هه‌ندێک كه‌س به‌ ناسنامه‌ی پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ چه‌ک هه‌ڵده‌گرن و بۆ كۆتایی هێنان به‌و دیارده‌یه‌ش داوای كرد چیتر ڕێگه‌ به‌ كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌درێت له‌ دوای كۆتایی هاتنی ده‌وامی فه‌رمی چه‌كه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌نه‌وه‌ به‌ڵكوو لێیان وه‌ربگیرێته‌وه‌ و له‌ شوێنی كاره‌كانیان چه‌كه‌كانیان جێبهێڵن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39694

Your Comment

You are replying to: .
captcha