باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا: 79 كۆمپانیای ئێرانی له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ 79 کۆمپانیای ئێرانی له‌ عێراق کار ده‌که‌ن و هه‌ر دوو وڵات له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ڤیزا له‌ نێوانیاندا لاببه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 18ی تشرینی دووهه‌می 2018 ئیره‌ج مه‌سجدی گوتی: "عێراق و ئێران ڕێككه‌وتوون پیشانگه‌یێكی هه‌میشه‌یی بۆ كاڵا ئێرانییه‌كان له‌ به‌غدا بكرێته‌وه‌."

باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا ئاماژه‌ی بۆ ژماره‌ی كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراقدا كرد و وتی: "حكوومه‌تی عێراق هه‌وڵ ده‌دات بۆ جێبه‌جێ كردنی 1200 پرۆژه‌ به‌ به‌های 100 ملیار دۆلار، له‌و نێوه‌نده‌شدا 79 كۆمپانیای ئێرانی له‌ عێراق له‌ بواره‌كانی دروست كردنی وێستگه‌ی وزه‌ و پاڵاوتگه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ و بنیاتنانی هۆتێل و یاریگا و خانوو كار ده‌كه‌ن و تێچووی ئه‌و پڕۆژانه‌ 8 ملیار دۆلاره‌".

وته‌كانی باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا دوای ئه‌وه‌ دێن حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک كۆماری ئێران له‌ میانی پێشوازی كردنی له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق ڕای‌گه‌یاند: وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵ ده‌دات ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراقدا بۆ به‌های 20 ملیار دۆلاری ساڵانه‌ زیاد بكات.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39678

Your Comment

You are replying to: .
captcha