شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی هەنگاریا دەكات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردتسان- شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی هەنگاریا دەكات و وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: شاندەكە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ‌و سوپاسالاری هەنگاریا ‌و چەند بەرپرسێكی سەربازی ئەو وڵاتە كۆ دەبنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەمید هەژار عومەر، بەڕێوەبەری هەماهەنگیی ‌و پەیوەندییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 18-11-2018 شاندێكی باڵای وەزارەتەکە سەردانی هەنگاریا دەكات. شاندەكە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی هەنگاریا سەردانی ئەو وڵاتە دەكات ‌و لەگەڵ وەزیری بەرگریی ‌و جێگرەكەی ‌و سوپاسالاری ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێكی سەربازی كۆ دەبنەوە".

ئەندامانی شاندەكەش پێكهاتوون لە: شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی یەكەی 70ـی هێزی پێشمەرگە، سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری 6ـی پێشمەرگە، لیوا بەختیار، راوێژكار لە وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا جەلال، لە یەكی 70 ‌و بەڕێوەبەری هەمائاهەنگی ‌و پەیوەندییەكانیش لە وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار دەبێت.

عەمید هەژار عومەر دەڵێت: هەنگاریا یەكێكە لەو وڵاتانەی نەخۆشخانەی سەربازی زۆر گەورەی هەیە، ئێمەش لە ئایندەیێكی نزیكدا بە هاوكاریی وڵاتی ئەڵمانیا نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە شاری هەولێر دەكەینەوە، بۆیە لەو سەردانەدا داوای هاوكاریی هەمەجۆر دەكەین بۆ ئەو نەخۆشخانەیە، ئەمە جگە لەوەی هەر لە سەردانەكەدا لە زانكۆیێكی ئەو وڵاتە چەند دیدار ‌و كۆبوونەوەیێكمان دەبێت، جەختیش لەسەر هەماهەنگی پەیوەندییەكانی هەردوولا دەكەینەوە.

هەنگاریا یەكێكە لەو وڵاتانەی لە سەنتەری مەشقی وەزارەتی پێشمەرگە رۆڵێكی كاریگەری هەیە ‌و یەكێكیش بووە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی داعش هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگەی كردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39663

Your Comment

You are replying to: .
captcha