شاندێکی ئه‌مریکی و به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان تاوتوێی هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکووک ده‌که‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاندێکی ئه‌مریکا زنجیره‌یێک كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم ئه‌نجام دا كه‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كان پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووكه‌ له ‌ڕێگه‌ی هه‌رێمه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 17ی 11ی 2018 شاندێکی ئه‌مریکا به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌ندرۆ پیک جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانیان کرد و له‌ دیدار له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی هه‌رێم تاوتوێی دۆخی عێراقیان کرد و هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکووکیش به‌ "بڕیارێکی دروست" ده‌زانن.

له‌ سه‌لاحه‌دین مه‌سعوود بارزانی پێشوازی له‌ ئه‌ندرۆ پیک جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و شاندێکی ئه‌و وڵاته‌ کرد.

به‌پێی ڕاگه‌یێندراوی کۆبوونه‌وه‌که‌، ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منیی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ كراون و پێشوازیش له‌ بڕیاری حكوومه‌تی عێراقی كراوه‌ بۆ دووباره‌ هه‌ناردنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووک له ‌ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕا بوون كه‌ بارودۆخی سیاسیی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و حكوومه‌تی نوێی عێراق ده‌رفه‌تێكی نوێیه‌ بۆ هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌كدی و هیوای ئه‌وه‌یان خواست كه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ تازه‌یه‌ گرفتی بۆ دروست نه‌كرێت.

هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یێندراوی کۆبوونه‌وه‌که‌، بارودۆخی پارێزگای نه‌ینه‌وا و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوووه‌، بیروڕا له‌باره‌ی ڕێگه‌كانی ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ و ڕه‌چاوكردنی ماف و داخوازیی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناوچانه‌ ئاڵوگۆڕ كرا.

مه‌سروور بارزانی: ڕێگه‌ی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بکرێنه‌وه‌

مه‌سروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌ندرۆ پیک جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئێران و عێراق كۆ بوووه‌وه‌ و پرسی كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ڕێگه‌ی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، پاككردنه‌وه‌یان له‌ مینه‌ چێنراوه‌كان و دابین كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ تاوتوێ كران‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان داوای كرد ڕێگه‌ی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان به ‌شێوه‌یێكی یه‌كجاریی بكرێنه‌وه‌.

به ‌گوێره‌ی ڕاگه‌یێندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، هه‌ردوولا پێشوازییان له‌ بڕیار و رێككه‌وتنی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی بیره‌كانی كه‌ركووک له ڕێی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان كردوووه‌.

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی هه‌ینی 16ی تشرینی دووهه‌می 2018 به‌پێی ڕێككه‌وتنێكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی که‌رکووک له ڕێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرده‌وه‌ ئه‌وه‌ش دوای ساڵێک له ڕاگیرانی به‌هۆی كێشه‌كانی هه‌ردوولا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39639

Your Comment

You are replying to: .
captcha