گوتەبێژی گۆڕان: پارتی پێیباشه‌ به‌شداری لە حكوومه‌ت بكه‌ین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شۆڕش حاجی، گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی پارتی له‌ سلێمانی رایگه‌یاند: پارتی پێیباش بوو گۆڕان به‌شداری له‌ حكوومه‌تدا بكات و گوتی: "ئێمه‌ش سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆمان به‌ شانده‌كه‌ی پارتی داوه‌".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ كۆنگره‌یێكی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا شۆڕش حاجی راشیگه‌یاند له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌شی به‌دوادا دێت.

ناوبراو روونیشی كرده‌وه‌ بڕیاری كۆتایی به‌شداری كردن له‌ حكوومه‌ت لای جڤاتی گشتیی گۆڕانه‌ و وه‌ڵامی خۆشیان له‌گه‌ڵ جڤاتی نیشتمانی باس ده‌كه‌ن و ده‌یده‌نه‌وه‌ پارتی.

لای خۆیه‌وه‌، هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا، مه‌حموود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند له‌ دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كار بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و به‌ڵینانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستانیان داوه‌.

گوتەبێژی پارتی گوتیشی: "سه‌قامگیریی كوردستان به‌ هه‌موو لایێک درووست ده‌بێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌و سۆنگه‌یه‌ش به‌ یه‌كه‌وه ‌بوونی لایه‌نه‌كان كۆمه‌ڵێک ئامانجی گه‌لی كورد دێنێته‌ دی.

مەحموود محەمەد هه‌روه‌ها گوتی: "سه‌ردانی ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ین ویستی به‌شداری كردنییان هه‌یه‌ له‌ حكوومه‌ت، ئه‌وانه‌ی بڕیاری به‌شداری نه‌كردنییان داوه‌ شتێكی دیكه‌یه‌".

ناوبراو روونیشی كرده‌وه‌ کە له‌گه‌ڵ گۆڕان قسه‌یان له‌ باره‌ی حكومڕانییێكی سه‌رتاسه‌ری كوردستان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی ئابووری و چاكتركردنی بژێوی خه‌ڵكی كوردستان.

ئه‌مڕۆ شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌ردانی شاری سلێمانییان كرد و سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێكهینانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانییان تاوتوێ كرد، دواتریش له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆ بوونه‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39631

Your Comment

You are replying to: .
captcha