بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیندار زێبارى، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات دەبوایە دامودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەکانی شارەکە بگەڕێنەوە بۆ دەست پێکردنەوەی کارەکانیان و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بە خەڵکی ئەو شارە و دەوروبەری، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و دەست بە کارەکانی خۆیان بکەن، ئەمەش کاریگەرییێکی زۆری بەسەر هاوڵاتیانی شنگال هەیە کە تا ئێستا بەشی هەرەزۆریان ئاوارەن و لە کەمپەکاندا دەژین و بەهۆی وەرزی سەرما ژیانیان سەختتر دەبێت و پێویستیان بە هاریکاری هەیە.
ریکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێم ئاشکراشی دەکات بەشیکى زۆرى ئەو هاولاتییانەى لەلایەن داعشەوە رفێنراون نەگەڕێنراونەتەوە، هەروەها نزیکەى ٣٦٠,٠٠٠ لە دانیشتوانى شەنگال ئاوارە و دەربەدەر بوون.
دیندار زێبارى لە بەشێکى دیکەى بەیاننامەکەیدا رایگەیاند نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال بۆتە هۆی درووست بوونی بۆشاییێکی ئەمنی و ئیداری و کۆسپێکی گەورەی درووست کردووە لەبەردەم ئاوەدان کردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی.
ئەو بەیاننامەیە لە کاتیکدایە کە بریاربوو رۆژى ١٣ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ ئیدارەی پێشووتری شنگال بگەڕێتەوە و دووبارە دەست بەکارەکانی خۆی بکات، بەڵام بە وتەى دیندار زێبارى کەسانێک بە بیانووی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ئاشتیخوازانە رێگایان بە گەڕانەوەیان نەدا.
سەرچاوە: ئین ئاڕتی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment