به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراکسیۆنی یه‌کێتی گوتی: له کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه 12ی تشرینی دووهه‌می 2018ی په‌رله‌ماندا که به ئاماده‌بوونی د. فوئاد حوسێن وه‌زیری داراییی عێراق ئه‌نجام درا گفتوگۆ له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019 و کێشه و گیر و گرفته‌کانی بودجه کراوه و محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مان داوای له لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مان کرد کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی حکومی و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌نجـام بده‌ن له ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه و دووشه‌ممه‌ی داهاتوودا له‌باره‌ی خه‌رجییه‌کان، وه‌به‌رهێنان و قه‌رزه‌کان و لیژنه‌کانی حکوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆش ده‌که‌ن له‌باره‌ی نرخی نه‌وت، گواستنه‌وه‌ی پاره له یاسای بودجه، په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌کان، که گونجاو بێت له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حکوومیی تایبه‌ت به پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی.
ناوبراو ده‌شڵێت: زۆربه‌ی په‌رله‌مانتاره کورده‌کان له کۆبوونه‌وه‌که‌دا باسیان له‌وه کرد که پشکی کورد به شێوه‌یێکی نایاسایی که‌م کراوه‌ته‌وه و باسی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و بودجه‌ی پێشمه‌رگه و شایسته‌دارایییه‌کانی جووتیاران و چه‌ند بابه‌تێکی دیکه‌ش که ده‌بێت له بودجه‌دا رێکبخڕینه‌وه و به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا نه‌بێت.
به‌ختیار شاوه‌یس سه‌باره‌ت به‌و وه‌زاره‌تانه‌ی که تا ئێستا پڕ نه‌کراونه‌ته‌وه له‌م کابینه‌یه‌دا وتیشی: تا ئێستا ڕێککه‌تنی سیاسی نه‌کراوه له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه بۆیه تا ڕێککه‌وتن نه‌کرێت کابینه‌که پێکناهێندرێت و له په‌رله‌مانیش گفتوگۆی له‌سه‌ر ناکرێت.
عه‌بدولئه‌میر مه‌یاحی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانیی بونیادنان (شیعه‌کان)یش سه‌باره‌ت به کۆبوونه‌وه‌که‌ی په‌رله‌مان گوتی: "سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران و نوێنه‌ری پارێزگاکان ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ر بودجه هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌رکی په‌رله‌مانتاره ئه‌و بودجه‌یه ڕه‌ت بکاته‌وه ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌که جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی و وه‌ڵامگۆی شه‌قامی عێراقی نه‌بێت. پارێزگاکان پێویستیان به خزمه‌تگوزاریی و هه‌لی کار هه‌یه و مافی په‌رله‌مانتارانیشه ده‌نگ به بودجه نه‌ده‌ن."
هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یه‌ندراوێکی په‌رله‌مانی عێراق که دوا به دوای کۆبوونه‌وه‌که بڵاو کراوه‌ته‌وه هاتوووه: له میانی کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆ کراوه له‌سه‌ر خه‌مڵاندنێکی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق که ڕێژه‌ی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌گاته نزیکه‌ی له 14%ی کۆی گشتیی بودجه‌ی فیدراڵی و به پێویست زانراوه که به گوێره‌ی مافی خۆی به‌شی هه‌رێمی کوردستان له شایسته‌دارایییه‌کان بدرێت.
له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا هاتوووه: پرۆژه یاسای بودجه‌ی فیدراڵی پشتبه‌ست به نرخی ٥٦ دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت داڕێژراوه که له ئێستادا عێراق ڕۆژانه بڕی ٣ ملیۆن و ٨٨٠ هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده ده‌کات.
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئاماژه به‌وه کراوه که به‌شێک له قسه‌کردنه‌کان تایبه‌ت بوووه به به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان که ڕێژه‌که‌ی به 12% دیاری کراوه، له کاتێکدایه به گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌کانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له بودجه‌ی فیدراڵی ده‌گاته نزیکه‌ی 14%.
ئاماژه به‌وه‌ش کراوه که پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019 نابێته هۆی بیناتنانی ئابووری وڵات و جیاوازه له‌و پرۆگرامه‌ی که سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پێشنیازی کردوووه و له گفتوگۆکاندا له‌سه‌ر ئه‌وه قسه کراوه که پێویسته پارێزگای هه‌ڵه‌بجه وه‌ک پارێزگایێکی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت.
هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا باسی ئه‌وه‌ش کراوه که پێویسته بودجه‌یێکی شیاو بۆ پارێزگا زیانلێکه‌وتوووه‌کانی جه‌نگ ته‌رخان بکرێت له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی دانیشتوانی ئه‌و پارێزگایانه و پێوسته بایه‌خی زیاتر بدرێت به وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌کان که به باشترین چاره‌سه‌ر دانراوه بۆ کۆتایی هێنان به دیارده‌ی بێ‌کاری.
هه‌روه‌ها داوا کراوه پێویسته بڕێک پاره ببڕدرێت له به‌های هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت بۆ پشتیوانی کردن له پرۆگرامی فۆڕمی خۆراکی هاووڵاتییان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment